ئێران هەڕەشە لە بەریتانیا دەکات

"کۆماری ئیسلامی ئێران بژاردەی گونجاو بۆ کاردانەوە بەرامبەر بە هەر کارێکی نابەجێی بەریتانیا، لەبەرچاو دەگرێت"
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بۆ جاری دووەم و بە هۆی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران، باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگهێشت کرد.

میدیاکانی ئێران لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەوە بڵاویان کردووەتەوە، "وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، رۆژی سێشەممە، سایمۆن شیرکلێف، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا".

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی رۆژئاوای ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا، دووپاتی کردووەتەوە، "کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستوەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە رێگەی دنەدان و لێکدانەوەی ساختە، رەت دەکاتەوە و بە تووندیش سەرکۆنەی دەکات".

ئەو، هەروەها گوتوویەتی: بەداخەوە لایەنی بەریتانی لە رێگەی دەرکردنی بەیاننامەی یەکلایەنەوە، پشکی لەو سیناریۆیانەدایە کە دوژمنانمان دەیانەوێت لە ئێران جێبەجێی بکەن.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، "کۆماری ئیسلامی ئێران بژاردەی گونجاو بۆ کاردانەوە بەرامبەر بە هەر کارێکی نابەجێی بەریتانیا، لەبەرچاو دەگرێت".

پێشتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لەگەڵ ئاماژەدان بە خۆپێشاندانەکان بە هۆی کوژرانی ژینا ئەمینی و کاردانەوەی هێزی ئەمنی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان، دووپاتی کردبووەوە، "لە رادە و ئاستی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران لە ئێران، حەپەساوین".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوای بانگهیشتی کاربەدەستی باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن، گوتبووی: بۆچوونی خۆمان بۆ بەرپرسانی ئێرانی روون کردەوە. واز لە ئامۆژگاری خەڵک بێنن، بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ بگرن و گوێ لە نیگەرانییەکانی خەڵکی خۆتان بگرن.

هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هاوکات لەگەڵ سەرکۆنەکردنی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر چەند شوێنێکی هەریمی کوردستان، رایگەیاندبوو "توندوتیژیی فراوانی پۆلیس و سنوورداربوونی ئەینتەرنێت بەردەوامە، پێویستە حکومەتی ئێران وەڵامدانەوەی داوای خۆپێشاندەران، مافی ئازادی و خۆپێشاندانی ئاشتیانە، گەرەنتی بکات".