ئازەربایجان: لە قەرەباخ گۆڕێكی بەکۆمەڵمان دۆزیەوە

K24 - هەولێر:
حکومەتی ئازەربایجان دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەربازانی سوپاکەی راگەیاند، کە بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە لە یەکەم جەنگی هەرێمی ناگۆرنۆ – قەرەباخ لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان کوژراون.
حیکمەت حاجیێڤ، راوێژکاری دیپلۆماسی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەربازانی ئازەربایجان کە لە یەکەم جەنگی قەرەباخدا ئەشکەنجەدراون و لە سێدارەدراون لە شارۆچکەی ئەدیلی دۆزرایەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای جەنگی یەکەمەوە تا ئێستا، چوار هەزار ئازەربایجانی بێسەروشوێنن. ناوبراو ئەرمینیای بەوە تۆمەتبار کرد کە رەتیکردەوەتەوە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاشکرابکات.
نامیگ ئەفەندیێڤ، بەرپرس لە لیژنەی دیلەکانی جەنگی ئازەربایجان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە مانگی شوباتەوە 25 تەرم لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شاری ئەدیلی دۆزراونەتەوە.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا شەڕ لەسەر سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دروستبوو، بەهۆیەوە زیاتر لە 280 کەس کوژران و، ئەمەش ترسی دروستبوونی شەڕێکی گەورەی نوێی نێوان هەردوو وڵاتی لێکەوتەوە.
لای خۆیەوە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا سوپای ئازەربایجانی بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" تۆمەتبارکرد لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا، لەوانە لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانی سەربازە دیلەکانی ئەرمینیا.