ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی باس لە پێشڕەوەی "خێرا و فراوانی" سوپای وڵاتەکەی دەکات

K24 – هەولێر
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا باسی لە پێشڕەوەی "خێرا و فراوانی" سوپای وڵاتەکەی لە بەرەکانی رۆژهەڵات و باشوور کرد و رایگەیاند، ژمارەیەک شار و شارۆچکەی ئەو ناوچانەی کە رووسیا بە خاکی خۆی لکاندووە، ئازاد کراون.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا گوتی: شار و شارۆچکەکان بەشێکن لە ناوچەکانی دۆنتێسک، خێرسۆن، خارکێف و لۆهانسکن.
سەرۆک کۆماری رووسیا، رۆژی 30ـی ئەیلول بە شێوەیەکی فەرمی لکاندنی ئەو ناوچانەی بە خاکی وڵاتەکەی راگەیاند. پێشتر ریفراندۆمێک کە حکومەتی ئۆکرانیا بە "ساختە و نایاسایی" ناوی دێنێت، لەو ناوچانە بەڕێوەچوو و "زۆربەی خەڵک دەنگیان بە چوونە سەر خاکی رووسیا دا".
سوپای ئۆکرانیا کاردانەوەی بەرامبەر بەو کارەی رووسیا نیشان دا و رۆژی دووی تشرینی یەکەم، کۆنترۆڵی تەواوی شاری لیمان (لە رۆژئاوای پارێزگای دۆنتێسک) و ناوەندێکی گرنگی گواستنەوە و گەیاندن و هێڵی شەمەندەفەری لە رۆژهەڵاتی وڵات، بەدەستەوە گرت.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، دووپاتی کردەوە کە دوای شارۆچکەی لیمان، هەشت شارۆچکەی دیکەش "ئازاد" کراون و بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیاوە بڵاوی کردوونەتەوە، دیارە کە سەربازانی ئۆکرانی ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەر شوێنە "ئازادکراوەکان" هەڵدەکەن.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە سوپای رووسیا لە سێ رۆژی رابردوودا لە ناوچەکانی دۆنتێسک و خێرسۆن پاشەکشەیان کردووە.