تێن هاگ: هه‌ركاتێك یاریی به‌ كریستیانۆ نه‌كه‌م توڕه‌ ده‌بێت

تێن هاگ راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتد و كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی مان یونایتد
تێن هاگ راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتد و كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی مان یونایتد

مانچێستەر یونایتد سێیەمین یاریی لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆپالیگ دەکات و ئەمڕۆ رووبەڕووی ئۆمۆنیای قوبڕسی دەبێتەوە، ئێریک تێن هاگ لە بارەی کریستیانۆ ئاشکرای دەکات ئەم یاریزانە بە یاریی نەکردن و دانیشتن لەسەر کورسی یەدەگ دڵخۆش نییە، بەڵام یانەکەی خۆش دەوێت و بەباشی هەڵسوکەوت دەکات، دەشڵێت: سوپاسی گواردیۆلا دەکات کە لە یاریی دێربی وانەیەکی باشی پێدان.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 5 ئۆكتۆبه‌ری 2022، ئێریک تێن هاگ راهێنەری مانچێستەر یونایتد له‌ پرێس كۆنفرانسێك رایگه‌یاند كه‌ دڵخۆشه‌ له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی خاوه‌نی 5 خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر.

راهێنه‌ره‌ هۆڵه‌ندییه‌كه‌ی مان یونایتد ده‌شڵێت: کریستیانۆ دلخۆش نییە کە یەکشەممەی رابردوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی نەکردووە، بە هەڵە لێم تێمەگەن، کریستیانۆ لە مەشقەکاندا بەباشی هەڵسوکەوت دەکات و باری دەروونی زۆر باشە، لەم رووەوە زۆر دڵخۆشە، بێگومان کریستیانۆ دەیەوێت یاریی بکات، کە ئەمەش روونادات ئیدی تووڕە دەبێت، وەکو رێزێکیش لە نیوەی دووەم یاریم بە کریستیانۆ نەکرد.

ئێریک تێن هاگ گوتیشی: لەم یارییە بە باشترین پێکهاتەمان یاریی دەکەین و دەمانەوێت لێرە کلتوری کێبڕکێ دروست بکەین، سوپاسی پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی دەکەم بۆ ئەو وانەیەی لە یاریی دێربی پێیداین، پێویستە لەوە تێبگەین کە دەبێت کاری باشتر بکەین.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ خاوەنی پێنج ناسناوی باڵۆن دۆر و دوو خەڵاتی زە بێست، لە دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی مانچێستەر یونایتد، ئامادەکاریی بۆ سێیەمین یارییان لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆپالیگ دەکەن و رووبەڕووی ئۆمۆنیای قوبڕسی دەبنەوە.

مانچیستەر یونایتد لە کاتێکدا لە گەڕی سێیەمی یۆرۆپالیگ دەبێتە میوانی ئۆمۆنیای قوبڕسی لە دوو یاریی رابردوو، دۆڕانێک و سەرکەوتنێکی تۆمار کردووە، و بە سێ خاڵ لە خانەی سێیەمی کۆمەڵەی پێنجەمە، بە جیاوازی گۆڵ لە دوای شێریف دەبینرێت.

لە دوایین مه‌شقه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد بەهۆی پێکانەوە چەند یاریزانێک ئامادەنەبوون، هاری ماگوایر، رافایل ڤاران، ئارۆن وان بیساکا و دانی ڤان دێ بیک بەشداریان نەکرد، ئەمەش مانای ئەوەیە لەم یارییە بێبەش دەبن.

شەیتانە سوورەکان بە سەرکردایەتی ئێریک تێن هاگ دەیانەوێت بەهێزترین کاردانەوەیان هەبێت و هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوویان لە پرێمەرلیگ بە ئەنجامێکی گەورە دێربی مانچێستەریان بە نیو دەرزەن گۆڵ بە مانچێستەر سیتی دۆڕاند.