حکومەت: دەبێ زۆرینەی هەلی کار لە پڕۆژەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت

K24 - هەولێر
بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پڕۆژە و پیشەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، دەبێت %75ی هەلی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.
ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەبێت %75ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک لە هەرێم بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت،و نابێت بەکارخستنی کرێکاری بیانیی لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک لە بازاڕی کەرتی تایبەت لە رێژەی %25ی ئەوانەی کاردەکەن لە پڕۆژەکە تێپەڕبکات".
ئاماژەی بەوەشکرد "گەنجانی بێکاری هەرێمی کوردستان لە پێشترن لە خەڵکی بیانیی بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی کار لە ناو هەرێم، بە هیوام بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 20ی ئەیلوولی 2022 بڕیاریداوە، نابێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هیچ کەسێکی بیانی بخاتە کار ئەگەر رەزامەندی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەدەست نەهێنابێت.
ئەو بڕیارە کە واژۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، لە خاڵێکیدا هاتووە، دەبێت دەبێ خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ئەولەویەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدەن، بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە لانی کەم رێژەی %75ی کاری پیشە و پڕۆژەکان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بن و نابێت لە هیچ حاڵەتگێکدا رێژەی بیانی لە %25 تێپەڕ بکات.

