نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر: لە شەش مانگدا 325 حاڵەتی گەستنی سەگی بەرەڵڵا تۆمارکراوە

ژمارەیەك سەگی بەرەڵڵا لە گەڕەکی رۆشنبیری هەولێر
ژمارەیەك سەگی بەرەڵڵا لە گەڕەکی رۆشنبیری هەولێر

K24 - هەولێر:

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی رابردوو ئاماری گەستنی سەگی بەڕەڵڵا 325 حاڵەت تەنها بۆ یەک نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر هەبووە.

لە راگەیەندراوی نەخۆشخانەکەدا هاتووە، لە شاری هەولێر، بەهۆی راکردنی منداڵێک لەدەست سەگێکی بەڕەڵڵای ناوشار و دوورکەوتنەوەی لە ترس و دڵەڕاوکێی گەستنی سەگ، منداڵەکە دەکەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلێك و تووشی برینداری روداووی هاتووچۆ دەبێت.

ئاماژە بەوەشدرا، منداڵەکە رەوانەی فریاکەوتن کراوە و نەشتەرگەری رزگارکردنی ژیانی بۆ ئەنجامدەدرێت.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی شەش مانگی رابردوو ئاماری گەستنی سەگی بەڕەڵڵا 325 حاڵەت تەنها بۆ یەک نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر هەبووە.

گەستنی سەگی بەرەڵڵا سەرەڕای ئەوەی ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیاددەکات، بە گوێرەی نەخۆشخانەکە، زیادبوونی حاڵەتەکان دەبێتە هۆی نەمان و کورتهێنانی ڤاکسینی دژەژەهری سەگ لە نەخۆشخانەکان.