ئهمهریكا باس له كشانهوهی هێزهكانی له سعوودیه و ئیمارات دهكات
K24 – ههولێر:
رهشنووسی یاسایهك سەبارەت بە کشاندنەوەی سەربازانی ئەمهریکا لە سعوودیە و ئیمارات پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمهریکا کرا.
دوای بڕیاری ئۆپێك پڵهس، کە له رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێك) و ژمارهیهك وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەرەوەی رێكخراوهكه پێکهاتووه، لهبارهی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لە مانگی تشرینی دووەمەوە، دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمهریکا رهشنووسی یاسایهكییان بۆ کشاندنەوەی سەربازانی ئەمهریکا لە سعوودیە و ئیمارات پێشکەشکرد.
لەو رەشنووسەدا کە سێ ئەندامی دیموكراتهكانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەشییان کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئێستادا نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمهریکی لە سعوودیە و ئیمارات بوونیان هەیە و دوای ئەوەی کە رەشنووسەکە دەبێتە یاسا و دەچێتە بواری جێبەجێکردنهوه، دەبێت لە ماوەی 90 رۆژدا سەربازەکان بکشێنەوە و سیستهمی بەرگریی ئاسمانیی وەکو پاتریۆت و THAAD لە ناوچەکە هەڵبگیرێن.
لە راگەیەندراوێكدا کە لەلایەن ئەو ئەندامانەی کە رهشنووسی یاساكهیان ئامادەکردووە، بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: سعوودیە و ئیمارات، ساڵانێکە لە بابەتی ئاسایش و کێڵگەکانی نەوت پشتیان بە بوونی سەربازانی ئەمهریکا بەستووە، لە کاتێکدا ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی چالاک لە دژمان کاردەکەن، هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی سەربازەکانمان لهوێ نابینین.
سێ ئهندامهكه ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەو بڕیارە خاڵێکی وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمهریکا و ناوچەی کەنداو و رایانگەیاندووه، ئەگەر سعوودیە و ئیمارات دەیانەوێت هاوکاریی ڤلادمیر پوتن سەرۆکی رووسیا بکەن، ئەوا لە بواری بەرگریشدا دەتوانن چارەسەری خۆیان بکەن.
بۆ ئەوەی ئەو رەشنووسەی کە لەلایەن نوێنەری ویلایەتی ئیڵینۆی، سیان کاستەن، نوێنەری ویلایەتی نیوجێرسی، تۆم مالینۆسکی و نوێنەری پێنسیلڤانیا، سوسان وێڵد واژووکراوە، ببێته یاسا، سەرەتا دەبێت له ئەنجوومەنی نوێنەران و دوای ئەوە لە ئەنجوومەنی پیران دەنگ بەدەست بهێنێت و ئەوجا دەخرێتە بەردەم سەرۆکی ئەمهریکا، جۆ بایدن.
لە لایەکی دیکەوە، سیناتۆری دیموکرات، کریس مۆرڤی تویتێکی رەخنەئامێزی لەسەر بڕیارەکەی ئۆپیك پڵهس و چەند روونکردنەوەیەکی لە شێوەی دانپێدانان بڵاوکردەوە.
کریس مۆرڤی رایگهیاند، پێموابوو کە سەرەڕای پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، جەنگی بێمانای یەمەن و کارەکان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمهریکا لە وڵاتانی وەکو لیبیا و سوودان، ئەوا لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانێکی نێودەوڵەتیدا، کەنداو لەجیاتی رووسیا یان چین، ئەمهریکا هەڵدەبژێرن.
سەرۆکی ئەمهریکا، جۆ بایدن لە مانگی ئاداردا رێگەی دابوو بۆ ماوەی شەش مانگ رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت و کۆی گشتی 180 ملیۆن بەرمیل لە عەمباری ستراتیژییەوە بخرێتە نێو بازاڕهكانهوه.
کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی تەمووزدا ئەوەی راگەیاندبوو کە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە عەمباری ستراتیژی بۆ دابهزاندنی نرخی بەنزین لە وڵاتەکە دەفرۆشێت.
ئیدارەی ئەمهریکا، لە مانگی ئەیلوولیشدا ئاشکرایکردبوو، کە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە عەمباری ستراتیژی دەفرۆشێت.
بەو فرۆشتنانەی کە باسکراوە، رێژەی نەوتی خاو لە عەمبارە ستراتیژییەکانی ئەمهریکا لە ساڵی 1984هوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیووە.
سهرچاوه:AA