مه‌سرور بارزانی: سیاسه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و راستكردنه‌وه‌ی سیسته‌می حكومڕانییه
K24 – هه‌ولێر:
له چالاكییه‌كی دیموكراسیدا مه‌سرور بارزانی وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ده‌داته‌وه.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دیدارێكی تایبه‌تدا، وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی دایه‌وه كه له‌ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئاماده‌بوون، كه له‌لایه‌ن دامەزراوەیەکی سەربەخۆوه، ئەرکی دەستنیشانکردنی بەشداربووان بۆ ئه‌و گفتوگۆیه لە ئەستۆ گیرابوو.
ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاركردن بۆ گه‌نجان
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بوویه‌ك، سه‌باره‌ت به رێكخستنی ده‌ستی كار له هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاركردن یه‌كێكه له پرۆژه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه به وردی كاری له‌سه‌ر ده‌كات.
مه‌سرور بارزانی گوتی، دامه‌زراندن له كه‌رتی گشتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێكاری ناكات، چونكه خه‌ڵكێكی زۆر له هه‌رێمی كوردستان پێویستی به دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاره، بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌جددی له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاره بۆ گه‌نجان له‌رێگه‌ی پێدانی ده‌رفه‌تی زیاتر به كه‌رتی تایبه‌ت.
سه‌باره‌ت به گرنگیدان به كه‌رتی گه‌شتوگوزار، مه‌سرور بارزانی گوتی، ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌ی زۆری هه‌یه بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاركردن له كه‌رتی گه‌شتوگوزار.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌بێت بزانین چ جۆره گه‌شتیارێك بۆ هه‌رێمی كوردستان راده‌كێشین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك بیانه‌وێت وه‌به‌رهێنان له‌م بواره‌دا بكه‌ن، سه‌ره‌تا پێویستمان به به‌هێزكردنی ژێرخانی گه‌شتیارییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان رابكێشین.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێدانی ده‌سه‌ڵات به به‌رپرسانی یه‌كه ئیدارییه‌كانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، بۆ كاركردن له‌سه‌ر زیادكردنی داهات و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی خۆیان، هه‌روه‌ها گوتی، پشتیوانی ته‌واوی حكومه‌تیشمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بۆیان دووپاتكردووه‌ته‌وه و له به‌دواداچوونیش به‌رده‌وام ده‌بین بۆ زیاتر ره‌خساندنی هه‌لی كار.
له به‌شێكی دیكه‌ی وه‌ڵامه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرسیاری ئاماده‌بووان، روونیكرده‌وه، له به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه، كه رێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مترین ئاست دابه‌زێنێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بڕیاریانداوه، له هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانی كه‌رتی تایبه‌تدا، رێژه‌ی 70% له ده‌رفه‌ته‌كانی كاركردنیان به ده‌ستی كاری ناوخۆیی بده‌ن.
له‌و دیداره‌دا، مه‌سرور بارزانی ئاشكرایكرد، له به‌رنامه‌یاندایه، هاوكاری ئه‌و گه‌نجانه بكات كه خاوه‌ن پڕۆژه‌ن یاخود خاوه‌نی بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی كاری نوێن، به ئامانجی پاڵپشتیكردنی ئه‌و گه‌نجانه و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ كه‌سانی دیكه.
زیاتر گوتی، له داهاتوویه‌كی نزیكدا، دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌ت به دۆزینه‌وه‌ی توانا و به‌هره‌ی گه‌نجان داده‌مه‌زرێنن بۆ ئه‌وه‌ی سوودیان لێوه‌ربگیرێت تا خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه و خه‌ڵك بكه‌ن.
مه‌سرور بارزانی، په‌یامێكیشی ئاڕاسته‌ی گه‌نجان كرد و گوتی، حكومه‌ت به‌شێكه له ئێوه و جودا نییه، بۆیه پێویسته خۆتان به خاوه‌نی حكومه‌ت بزانن، به بیرۆكه و داهێنانی نوێ پشتیوانی حكومه‌ت بكه‌ن كه له ئه‌نجامدا حكومه‌ت و خه‌ڵكیش سوودی لێوه‌رده‌گرن.
هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا، مه‌سرور بارزانی باسی له دۆخی عێراق كرد، گوتی، عێراق هێشتا له قه‌یرانێكی قوڵی سیاسی، ئابووری و ئه‌منیدایه، كه هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ خراپ ئیداره‌دانی ده‌سه‌ڵات له حكومڕانی عێراق.
عێراق سامانی سروشتی و مرۆیی یه‌كجار زۆره به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كانیدا زاڵ بێت، ئه‌مه‌ش بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور و ئه‌و سیسته‌مه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه بۆ ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه، كه زۆرجار هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كرێت به پابه‌ندنه‌بوون به ده‌ستوور، به‌ڵام راست نییه و حكومه‌تی فیدراڵی تاوه‌كو ئێستا وه‌ك خۆی پابه‌ندی ده‌ستوور و به‌ڵێنه‌كانی نه‌بووه، به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان كرده‌وه له پرسه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كاندا. روونیكرده‌وه، ئاساییه جیاوازی هه‌بێت له‌نێوان لایه‌نه‌كان له ناوخۆدا، به‌ڵام پێویسته چوارچێوه‌یه‌كی نیشتمانی و ستراتیژییه‌ك هه‌بێت، تا هه‌مووان پێكه‌وه یه‌كده‌نگبن به‌رامبه‌ر به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
مه‌سرور بارزانی دووپاتیكرده‌وه، گه‌ره‌نتی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كڕیزی هه‌موو لایه‌نه‌كانه و داواشیكرد، هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌وشێوه‌یه كاریاننه‌كردووه كه پابه‌ندی كاركردنی چوارچێوه‌ی نیشتمانی نه‌بوون به‌رانبه‌ر به‌غدا، به‌خۆیاندا بچنه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سی و حزبییه‌كانیانه‌وه.
له‌باره‌ی به‌شه‌بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی گوتی، له‌مساڵدا به‌غدا ته‌نها دووجار بڕی 200 ملیار دیناری ناردووه و ساڵی پاریش ته‌نها شه‌شجار ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی نارد بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه ده‌بوایه به‌گوێره‌ی یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2021، هه‌موو مانگێك ئه‌و بڕه پاره‌یه بنێرێت، دوای به‌رواردكردنی داهاتی هه‌رێم و پابه‌ندی حكومه‌تی فیدراڵی به‌رانبه‌ر هه‌رێم.
زیاتر گوتی، هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كو هه‌موو جیهان، به‌هۆی كاریگه‌ری جه‌نگی ئۆكرانیایه‌وه، دووچاری زۆر ئاسته‌نگی دیكه بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی گرانبوونی نرخی دانه‌وێڵه و سووته‌مه‌نی له بازاڕه‌كانی جیهاندا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو فشاره‌ی به‌غدا و هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانی دیكه له ئاكامی شه‌ڕ و گرانبوونی نرخی كاڵاكان له بازاڕه‌كانی جیهاندا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتووبوون له دابینكردنی مووچه بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.
روونیشیكرده‌وه، له ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها ده‌توانێت پشت به داهاته‌كانی خۆی ببه‌ستێت كه بریتین له داهاته نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كانی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌غدا هیچ بڕه بوودجه‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه ناكات.
له‌باره‌ی فشاره‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی عێراق فشاری خستووه‌ته به‌شێك له كۆمپانیاكان بۆ نه‌فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر گرنگیدان به كه‌رته‌كانی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان فره‌چه‌شن بكه‌ن.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه كاریانكردووه بۆ گرنگیدان به كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و گه‌شتیاری بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به داهاتی نه‌وت نه‌به‌ستێت.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه جیهانییه‌كاندا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌رێمی كوردستان رێز له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ده‌گرێت.
زیاتر گوتی، بۆ هه‌رێمی كوردستان گونجاو نییه، خۆی بخاته به‌ره‌یه‌ك و هه‌ڵوێستی له‌دژی به‌ره‌یه‌كی دیكه هه‌بێت، دووپاتیشكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا و رۆهه‌ڵات په‌یوه‌ندی هه‌یه و به‌شێك نییه له ناكۆكییه‌كانی نێوان وڵاتانی جیهان.
وشكه‌ساڵی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا
كێشه‌ی كه‌مئاوی و گۆڕانی كه‌شوهه‌واش، به‌شێكی دیكه بوو له روونكردنه‌وه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه وه‌ك گرفتێك رووبه‌رووی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رووبوومی كشتوكاڵی ناوخۆیی دروستكردووه.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته‌ش، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌مئاوی و پاڵپشتیكردنی كه‌رتی گشتیاری له‌رێگه‌ی دروستكردنی به‌نداو و هاوكاریكردنی جووتیاران.
حكومه‌ت له خزمه‌تی هاووڵاتیيانه
مه‌سرور بارزانی گوتیشی، "حكومه‌ت و هاووڵاتیان دووبه‌ره‌ی جیاوازنین و یه‌كبه‌ره‌ین، حكومه‌ت له خزمه‌تی هاووڵاتیانه و به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان پێویسته داكۆكی له مافی هاووڵاتیان بكات به‌رانبه‌ر به مافه ده‌ستوورییه‌كانی له به‌غدا و دابینكردنی بژێوی له‌ناوخۆی هه‌رێمدا".
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یرانانه‌دا به راده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتووبووه و داواشیكرد هه‌مووان زیاتر پشتیوانی حكومه‌ت بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی خۆیان وه‌لابنێن.
بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی به سیسته‌م ده‌كرێت
له‌باره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه گه‌نده‌ڵی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كرودستان رایگه‌یاند، گه‌نده‌ڵی به سیسته‌م بنبڕ ده‌كرێت، سیاسیه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌هێشتنی بواری گه‌نده‌ڵی و راستكردنه‌وه‌ی سیسته‌می حكومڕانییه كه رێگه نه‌درێت به‌هیچ به‌رپرس و فه‌رمانبه‌رێك گه‌نده‌ڵی بكات.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته له‌رووی یاساییه‌وه، دامه‌زراوه تایبه‌ته‌مه‌نده‌كان، رێكاره پێویسته‌كان بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی كه ئه‌ركی خۆیانه بگرنه‌به‌ر، به‌ڵام پێویسته هه‌مووان كاربكه‌ین له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدا شوێنێك بۆ ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی نه‌بێته‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای له هاووڵاتیان كرد، هه‌ركه‌سێك به‌رتیل بدات یان وه‌ریده‌گرێت به به‌ڵگه‌وه ئاگاداری بكه‌نه‌وه و دڵنیاییدا له رووبه‌رووكردنه‌وه‌ی یاسا و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری
یه‌كێك له ئاماده‌بووانی دیداره‌كه پرسیاری جیاوازی له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه به به‌راورد هه‌ولێر و دهۆك له سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه حكومه‌ت هیچ جیاوازییه‌ك ناكات له‌نێوان ناوچه‌كان له پێشكه‌شكردن و دابینكردنی خزمه‌تگوزار.
هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ك هه‌بێت ئه‌وا بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیداره ناوخۆییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و ناوچه‌كان هه‌بێت، ئه‌وا ئاستی خزمه‌تگوزاری باشتر ده‌بێت.
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌ستیان به‌دواداچوون كردووه بۆ گازانده‌ی هاووڵاتیان له ناوچه جیاوازه‌كان بۆ گرفتی كه‌می خزمه‌تگوزاری، راشیگه‌یاند، لیژنه‌ی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته راسپاردووه، ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕی له حكومه‌ت بێت ئه‌وا بڕیارده‌ده‌ن به‌زووترین كات كه‌لێنه‌كان پڕبكرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕی له ئیداره ناوخۆییه‌كان بێت، ئه‌وا گۆڕانكاری پێویست ئه‌نجامده‌ده‌ن.
گرنگی زمانی كوردی
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی زمانی كوردی كرده‌وه و گوتی زمان به‌شێكه له پێناسه و كلتوری ئێمه، بۆیه ده‌بێت له ئه‌وله‌ویه‌تی كاری حكومه‌ت و هه‌مووان بێت.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، پێداگیری له‌سه‌ر گرنگیدان به زمانی كوردی له سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا كردووه‌ته‌وه.
كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا
سه‌باره‌ت به كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، مه‌سرور بارزانی له وه‌ڵامی پرسیاری هاووڵاتییه‌كی ئاماده‌بووی دیداره‌كه، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر بوودجه‌یه‌كی فراوان له‌به‌رده‌ستی كابینه‌كه‌ی بووایه، ئه‌وا هه‌ره سه‌ره‌كیترین كاری گرنگیدان بوو به كه‌رتی په‌روه‌رده و دروستكردنی قوتابخانه و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن.
هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌سه‌ر هاوكاریكردنی مامۆستایان كرده‌وه و گوتی، له‌هه‌موو كه‌س زیاتر مامۆستا شایسته‌ی هاوكاریكردنن بۆئه‌وه‌ی بۆ بژێوی ژیانی پێویستی به كاری دیكه نه‌بێت و هه‌موو سه‌رنجی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی فێركردن بێت.
له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ گرنگیدان به كه‌رتی په‌روه‌رده، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌وڵی زۆرمان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كانداوه و داوای هاوكاریشمان له وه‌به‌رهێنه‌ران و خاوه‌نكارانكردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مه‌رجی پێدانی مۆڵه‌تی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانیشیان به‌ستووه‌ته‌وه به دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی نوێی قوتابخانه.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئاستی خوێندن له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، روونیكرده‌وه، كه ئاستی خوێندن له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان دانه‌به‌زیوه، به‌ڵكو پێداویستییه‌كانی خوێندن له‌ئاستی پێویست نین، ئه‌گه‌رنا زانكۆكانی كوردستان خاوه‌نی چه‌ندین مامۆستا و قوتابی ئاست به‌رز و به‌توانان.
گوتیشی، ده‌سته‌ی متمانه‌به‌خشین دامه‌زراوه بۆ زیاتر گرنگیدان و به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی خوێندن له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌یشتن به ئاستی خوێندن له زانكۆ جیهانییه‌كان.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه، كاری جددی ده‌كه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی زیاتری ئاستی خوێندن، گوتی، تاوه‌كو ئێستا باشترین زانكۆكانی كوردستان زانكۆ گشتییه‌كانن و له به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه جیاوازی خوێندن له نێوان زانكۆ گشتی و تایبه‌ته‌كان كه‌مبكاته‌وه، كه جیاوازه‌كه‌شی له دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندنه بۆ قوتابیان و مامۆستایان.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، هه‌رێمی كوردستان زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ریشی له‌خۆگرتووه، كه بۆ ره‌خساندنی هه‌لی خوێندن بۆ منداڵه‌كانیان، قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هیچ جۆره هاوكارییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه پێشكه‌ش بكات.
خانه‌نشینی له كه‌رتی تایبه‌ت
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستا رایگه‌یاند، كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی رێنمایی رێكخستنی هه‌لی كاركردن بۆ جه‌ختكردنه‌وه له پاراستنی مافی كاركردن له كه‌رتی تایبه‌ت.
مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته له كه‌رتی تایبه‌تیش مافی خانه‌نشینی بۆ هه‌مووان دابینبكرێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه خه‌ڵكی رووده‌كه‌ن كه‌رتی گشتی و پشت له كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ن.
گوتیشی، ئێمه نابێت جیاوازی بكه‌ین له نێوان كاركردن له كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت، به‌ڵكو هه‌مووان بۆ خزمه‌تكردن ئه‌ندامی یه‌ك جه‌سته‌ین، له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان باس له‌و بابه‌ته‌كراوه.
مه‌سرور بارزانی ئاره‌زووی كاری شێوه‌كاری ده‌كات
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا، یه‌كێك له ئاماده‌بووان له سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌پرسێت له چ بوارێكدا شاره‌زایی هه‌یه و ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌بووایه، چ كارێكی ده‌كرد، مه‌سرور بارزانی له وه‌ڵامدا، گوتی، ئاره‌زووی كاری شێوه‌كاری "وێنه‌كێشان" ده‌كات و ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌بووایه، له هه‌ر بوارێكدا كاری ده‌ستبكه‌وتایه ئه‌وا كاری ده‌كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و كه‌سێكی گه‌شبینه و هه‌رگیز نائومێدنه‌بووه له‌ژیان.
مه‌سرور بارزانی گوتی، مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌هێزبێت، ده‌توانێت قه‌یرانه‌كان بكات به ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتن، هه‌روه‌ها نموونه‌ی به سیاسیه‌تی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌م هێنایه‌وه و رایگه‌یاند، دوای وشكبوونی سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی داهات و وه‌ستانی جوڵه‌ی بازرگانی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌هۆی كۆڕناوه له‌گه‌ڵ بڕینی به‌شه‌بوودجه له به‌غداوه، به ئه‌نجامدانی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كانی ناوخۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت، توانیمان له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین.