هه‌رێم كه‌مال ئاغا: ئه‌م هه‌فته‌یه كۆتا گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماره‌وه ئه‌نجامده‌درێت
K24 – هه‌ولێر:
په‌رله‌مانتارێكی كورد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م هه‌فته‌یه گفتوگۆكان چڕده‌كرێنه‌وه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.
هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان24، روونیكرده‌وه، له‌سه‌ر داوای 120 په‌رله‌مانتاری عێراق له سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان، سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی بۆردومانه‌كانی ئێران و توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كۆده‌بێته‌وه.
سه‌باره‌ت به پرسی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق، هه‌رێم كه‌مال ئاغا روونیكرده‌وه، تاوه‌كو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار دیارینه‌كراوه.
هه‌ره‌وه‌ها زیاتر گوتی، ئه‌م هه‌فته‌یه كۆتایی گفتوگۆكان ده‌بێت له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تاوه‌كو ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له نێوان پارتی و یه‌كێتی سه‌باره‌ت به پرسی پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام له‌م هه‌فته‌یه‌دا گفتوگۆكان چڕده‌كرێنه‌وه بۆ رێككه‌وتن له نێوان لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆمار.
هه‌رێم كه‌مال ئاغا جه‌ختی له‌وه‌كردووه، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان هه‌یه و ئێستا پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سووننه و شیعه‌كان له هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا هه‌یه و هیوادارن هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت.