ئەردۆغان: ئەگەر ئەمەریکا فڕۆکەی F-16مان بۆ دابین نەکات زۆر وڵاتی دیکە هەن

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا - فۆتۆ: AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی F-16مان بۆ دابین نەکات، زۆر وڵات لە جیهاندا هەن کە دەتوانن ئەم پێویستییەمان بۆ دابین بکەن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا  لە ئیستانبوڵ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی دابینکردنی فڕۆکەی F-16 و دابینکردنی فڕۆکەی جۆری یۆرۆفایتەر بۆ تورکیا، گوتی: "لە ئێستا من باسی بەدیلێکی وام نەکردووە. بەڵام بەدیل بۆ ئەمە لە جیهاندا هەیە. سەبارەت بەم بابەتە، هەروەک چۆن پاتریۆتەکانمان بۆ دابین نەکرا، ئێمەش S400مان کڕی. بۆ ئەمەش بەهەمان شێوە ئەگەر ئەمەریکا فڕۆکەی F-16 بۆ وڵاتەکەمان دابین نەکات، ئەوا زۆر وڵات هەن لە جیهاندا کە دەتوانن ئەم پێویستییەمان بۆ دابین بکەن".

سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن گوتی: "رۆژی لەدایکبوونی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین بوو. بەو بۆنەیەوە تەنها ویستم پیرۆزبایی لێ بکەم. ئەویش بە تایبەتی سوپاسی نێوەندگیرییەکەی ئێمەی کرد و گوتی، "دەستخۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەم نێوەندگیرییە سەرکەوتووە". هەروەها ئاماژەی بەوە دا باش دەبێت ئەگەر بتوانین لە ماوەی سێ چوار رۆژدا گفتوگۆیەکی ورد لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان بکەین. هەروەها کۆبوونەوەیەکمان هەیە سەبارەت بە پلاتفۆڕمی ئاسیا. ئەگەر پوتن لەوێ ئامادە بێت، ئەوا دەرفەتمان دەبێت لەوێ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام بدەین و پرسی رووسیا و ئۆکرایناش بە وردی تاوتوێ بکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی-یش کۆدەبێتەوە، ئەردۆغان گوتی: "بەڵێ، لەگەڵ هەردووکیان کۆدەبمەوە".