بڕیارەکەی ئوپێک بە قەیرانی سووتەمەنی 1973ـی ئەمەریکا بەراورد دەکرێت

.
.

K24 - هەولێر

تا دێت دەرهاویشتەکانی بڕیاری هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە فراوانتر دەبێت. تەنانەت زۆربەی رۆژنامە بەناوبانگەکان ئاماژە بەوەدەدەن، کاردانەوەکانی واشنتن جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە کاتێک لە ساڵی 1973 سعوودیە هەناردەکردنی نەوتی بۆ ئەمەریکا راگرت.

49 ساڵ بەر لە ئێستا و بە دیاریکراوی لە 6ـی تشرینی یەکەمی 1973 نرخی نەوت نەگەیشتبووە سێ دۆلار، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی سعوودیە و ئەندامانی ئۆپێک بە راگرتنی هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 15 دۆلار بەرزبووەوە.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو نرخی نەوت لە نێوان 10 بۆ 15 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام دواتر لە هەشتاکان نرخی نەوت گەیشتە 35 بۆ 40 دۆلار.

بازاڕی نەوت جارێکی دیکە لە کاتی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراق لە 1990 بازدانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوت دوو هێندە و نیو لە 16 دۆلارەوە بۆ 40 دۆلار بەرزبووەوە.

بە درێژایی دەیەی رابردوو، رێکخراوی ئۆپێک هەوڵەکانی ئۆپێک ئەوە بووە خواست و خستنەڕووی نەوت رێکبخات و بازار هاوسەنگ بێت، لە بەرامبەردا وڵاتانی بەکاربەر لەسەروویانەوە ئەمریکا بەردەوام گوشاریان کردووە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە تاوەکو نرخی نەوت دابەزێت.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعوودی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا بەردەوام داکۆکی لە بازاڕی ئازاد دەکات. بەڵام لە هەمان کاتدا، خۆی پێویستییەکانی گازی ئەوروپای قۆستووەتەوە، بە نرخێکی گران گازەکەی بە ئەوروپا دەفرۆشێت.

رێکخراوی ئۆپێک بە پشت بەستن بە هێڵکارییەکان، روونی کردووەتەوە کە نرخی نەوت بەراورد بە سەرچاوەکانی دیکەی وزەی وەک گاز و خەڵووز سەقامگیرترە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی سیساسەتی هاوپەیمانییەتەکە.

هاوکات عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رەتی دەکاتەوە کە ئامانجی سعوودیە لە دابەزاندنی نرخی نەوت زیان گەیاندن بێت بە ئەمریکا و دەڵێت، هەرگیز نەوت و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسیان وەک چەكێک دژی واشنتن بەکارنەهێناوە.

سەرباری داکۆکییەکانی سعوودیە، بەڵام دەنگەکان لە کۆنگرێس تا دێت بەرزتر دەبنەوە و چەندین پڕۆژە و یاسایان ئامادەکردووە، داوا دەکەن چاوخشاندنەوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ریاز بکەنەوە، لە دیارترینیان هێزەکانی ئەمریکا و مووشەکەکانی بەرگری لە سعوودیە بکشێندرێنەوە

جاک شومەر سەرۆکی پارتی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نوێترین توویتیدا رایگەیاند، سەرجەم ئامرازە یاساییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئۆپێک پڵەس بەکاردەهێنن، بە پڕۆژە یاسای نۆپیکیشەوە.

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا نووسیویەتی، ئەوەی سعوودییە کردوویەتی، هاوکاری کردنی پوتینە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگی ئۆکرانیا، ئەوەش ئەمریکییەکان لە یادی ناکەن، بۆیە سەرجەم ئامرازە یاساییەکان لە دژی بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس کارا دەکەن.