خۆپێشاندانەکان لە ئێران بەردەوامن و لە سنە خۆپێشاندەرێک گیانی لەدەستدا

"لە ماوەی ئەم سێ هەفتەیەدا بەلانی کەمەوە 185 کەس گیانیان لەدەستداوە"

K24 – هەولێر

خۆپێشاندان لە زۆربەی شارە گەورەکان و زانکۆ ناودارەکانی ئێران بەردەوامە. هێزە چەکدارەکان لە شاری سنە، تەقەیان لە هاووڵاتییەک کرد کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو، گولـلە بە سەر هاووڵاتیەک کەوت و گیانی لەدەستدا و دوای ئەو رووداوە، خەڵکی سنە رژانە سەر شەقامەکان.

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، خەڵکێکی زۆر نیشان دەدرێ کە لە دەوری ئۆتۆمبێلێک کۆبوونەتەوە. بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان، کەسێک لە ناو ئۆتۆمبێلی خۆیدا هۆڕنی لێداوە، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان راستەخۆ تەقەیان لێکردووە و لە ئەنجامدا گولـلەیەکی بەر سەری کەوتووە و هەر لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا گیانی لەدەستداوە.

خەڵک دوای ئەو رووداوە، رژانە سەر شەقامەکان و لە چەند شوێنێک تایەیان ئاگر تێبەردا و دروشمی دژ بە دەسەڵاتیان دەگوتەوە.

ئەمڕۆ (شەممە 8ـی تشرینی یەکەم) خەڵک لە شارەکانی سنە و سەقز و بۆکان، بازاڕ و دوکانەکانیان داخست و لە چەندین شاری دیکەش وەکو تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، کەرەج و قەزوین خۆپێشاندان بەڕێوەچووە.

هەروەها لە زانکۆکانی زەهرا، تاران، ئەمیرکەبیر و ئازادی تاران گربوونەوەی فراوان بەڕێوەچوو و قوتابیانی زانکۆکانی زەنجان، مەشهەد، شیراز، قەزوین، دامغان و کرماشانیش خۆپێشاندانیان کرد.

ئەمڕۆ ئیبراهیم رەئیسی بە بۆنەی یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندن لە زانکۆکان، سەردانی زانکۆی زەهرای لە تاران کرد، بەڵام رووبەڕووی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی بەشێک لە قوتابیان بووەوە. خۆپێشاندەران چەندین دروشمیان دژ بە ئیبراهیم رەئیسی دەگوتەوە.

خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، پێی نایە چوارەم هەفتەی خۆی و بە پێی ئەو ئامارەی لەلایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاوبووەتەوە، لە ماوەی ئەم سێ هەفتەیەدا بەلانی کەمەوە 185 کەس گیانیان لەدەستداوە.