رووسیا جەنەراڵێکی نوێ بۆ فەرماندەی هێزەکانی لە ئۆکرانیا دەستنیشان دەکات

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و جەنەراڵ، سێرگی سورۆڤیکیش
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و جەنەراڵ، سێرگی سورۆڤیکیش

K24 - هەولێر:

رووسیا ئەرکی فەرماندەی هێزەکانی بە جەنەراڵیکی نوێ سپارد، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای رووسیا ناچار بە زنجیرەیەک پاشەکشەی سەربازی بوو کە بەهۆیەوە سەرکردایەتی سوپا رەخنەی توندیان لێگیرا.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2022)، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، جەنەراڵ، سێرگی سورۆڤیکیش  بە فەرماندەی نوێی هێزە هاوبەشەکانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت دەستنیشانکرا.

ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت، یەکێکە لەو دەستەواژانەی کۆشکی کریملن بۆ ناوهێنانی لەشکرکێشیەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت.

بەپێی وێبسایتی وەزارەتی بەرگری رووسیا، جەنەراڵ سێرگی سورۆڤیکیش تەمەنی 55 ساڵە و لە شاری نۆڤۆسیبیرسکی سیبیریا لەدایکبووە، لە ساڵانی 1990ـەکاندا بەشداری لە شەڕی نێوان تاجیکستان و چیچانییەکان کردووە و ئەزموونی شەڕی سووریای هەیە کە مۆسکۆ ساڵی 2015 بەشێکی سوپای وڵاتەکەی بردە خاکی سووریاوە.

تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا ئاشکرانەکراوە، بەڵام چەند میدیایەكی رووسیا باسیان لەوەکردوە، کە جەنەراڵ ئەلیسکاندەر دڤۆرنیکۆڤ فەرماندەی هێزەکان بووە.

لە رێکەوتی 24ـی شوباتی 2022، سوپای رووسیا هێرشی کردەسەر خاکی ئۆکرانیا و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامی هەیە و بەگوێرەی زانیارییەکان، رووسیا بە نیمچە دوورگەی کریمیاوە کە ساڵی 2014 کۆنترۆڵی کردووە، تا ئێستا بە نزیکەیی لەسەدا 19ـی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە.

 جەنەراڵ، سێرگی سورۆڤیکیش
جەنەراڵ، سێرگی سورۆڤیکیش