چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت چاوەڕێی کاندیدی سەرۆک کۆمارە

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت، پێکهێنانی حکومەت لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار راگیراوە.

ئەحمەد ئەسەدی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەسەر یەکلاکردنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار راگیراوە، گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پشتیوانی ئەو دوو حزبە دەکات بۆ ئەوەی کاندیدێک دیار بکەن".

گوتیشی: "کورد دوو بژاردەی لەبەردەمە، یان رێککەوتن لەسەر کاندیدێک، یان دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2018 و چوونە ناو کۆبوونەوەی پەرلەمان و یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار بە پەرلەمانتاران".

ئاماژەی بەوەشدا، چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە سەرکردایەتی محەمەد شیاع سوودانی، کارنامەیەکیشن ئامادەکراوە کە تەواوی لایەنە سیاسییەکان قبووڵیان کردووە و پێی رازین.