درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر

پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسندکرا.

خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی پەرلەمان ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە لەو ماوەیەدا رێکسازییە یاسایی و کارگێڕی و هونەرییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد تەواو بکرێت و هەڵبژاردن ئەنجامبدڕێت.

هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەر یەک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.

پێشتر لە 4ی ئەم مانگە 85 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان پێشنیازە یاسایەکیان بۆ بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پێشنیازەیاساکە کرد.

رۆژی شەشی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێدێت.