پەرلەمانتارێکی گۆڕان روونکردنەوە لەسەر دابەشبوونی فراکسیۆنەکەی دەدات

"فراکسیۆنی گۆڕان ماوەی دوو ساڵە لە هەشت ئەندام پێکهاتووە"
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان

K24 - سلێمانی:

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی دابەشبوونی ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، روونکردنەوە بە خەڵکی کوردستان و میدیاکاران دەدەن، کە فراکسیۆنەکەیان لە هەشت ئەندام پێکهاتووە و تەنها ئەوان نوێنەرایەتی سیاسەتی حزبەکەیان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (9ی تشرینی یەکەمی 2022) بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا لەسەر دەنگۆی دابەشبوونی فراکسیۆنەکەیان گوتی "لە چەند رۆژی رابردوو لە میدیاکانەوە، چەند شتێک لەسەر دابەشبوونی فراکسیۆنی گۆڕان بڵاوبووەتەوە، دەمەوێت روونکردنەوە بدەم بە خەڵک میدیاکانی کوردستان".

بەڵێن ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشدا، "ماوەی دوو ساڵە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەشت ئەندامی پەرلەمان پێکهاتووە و تەنیا ئەو هەشت ئەندامە، نوێنەرایەتی سیاسەتی گۆڕان دەکەن و بۆ ئەم پرۆژە یاسایەش کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، تەنیا ئەندامێکی پەرلەمانیان لەگەڵدا نەبووە، ئەو پەرلەمانتارەش لە رۆژانی داهاتوودا، هەڵوێستی خۆی ئاشكرا دەکات".

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆی 111 کورسی پەرلەمان بووە خاوەنی 12 کورسی، لە کاتێکدا لە خولی چوارەمدا خاوەنی 24 کورسی پەرلەمانەکە بوو.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 ەوە دەستیکردووە بە چالاکی سیاسی، لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستاندا (2009 بۆ 2013) بزووتنەوەکە وەک ئۆپۆزسیۆن کاریکرد، بەڵام دواتر کۆتایی بە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون هێنا و بەشداری حکومەتی کرد.