سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: تۆمەتەکان لەسەر کوشتنی ئەفسەرەکەی دەزگای زانیاری رەتدەکەینەوە
K24 - سلێمانی:
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئیدانەی کوشتنی عەقید هاوکار جاف ئەفسەری دەزگای زانیاری دەکەن و ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە ئاراستەی حزبەکەیان دەکرێت لەسەر کوژرانی ئەفسەرەکە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ی پەرلەمانی کوردستاندا، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "بەداخەوە لە کردەیەکی تیرۆریستیدا عەقید هاوکار جاف تیرۆرکرا، ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز، وێڕای سهركۆنهكردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، کە لێرە و لەوێ ئاراستەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکرێن".
زیاد جەبار داوایکرد، بۆ بەلارێدا نەبردن و بەکارنەهێنانی بابەتەکە بۆ مەبەستی سیاسی، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت بۆ دەرخستنی راستییەکان.
رۆژی ههیینی (7ی تشرینی یهكهمی 2022)، له گهڕهكی سهربهستی شاری ههولێر لهرێگهی بۆمبی لكێندراوهوه ئۆتۆمبێلی هاوكار عهبدوڵڵا رهسووڵ، (ئهفسهری دەزگای زانیاری/ زانیاری) کە سەر بە ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستانە تهقێندرایهوه، بهوهۆیهوه ئەفسەرەکە گیانی لهدهستدا و چوار کەسی دیکە لە ئەندامانی خێزانەکەی برینداربوون.
هەمان رۆژی رووداوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی "زۆر بە توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە سەرکۆنە دەکەین و لێکۆڵینەوەکانمان لەو بارەوە دەست پێ کردووە و بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن".