ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئێران: خەڵک پارەکانیان لە بازاڕ دەکشێننەوە

بازاڕی بۆرسەی تاران
بازاڕی بۆرسەی تاران

K24 – هەولێر

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە و بازاڕەکانی، ئاشکرای کرد کە خەڵک پارەکانیان لە بازاڕی وەبەرهێنانی ئێران دەکشێننەوە.

ئاژانسی (ئیرنا) لەسەر زاری حەمیدرەزا جیهانی، پسپۆری ئابووری، بڵاوی کردووەتەوە، "ئاسایش، مەرجی پێویستی بازاڕە، چونکە لە ئابووریدا بەردەوام ئاماژەد بەوەکراوە، پارە و وەبەرهێنان، ترسنۆکە".

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، لەگەڵ ئاماژەدان بە رووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران و دروستبوونی ترس لە لای وەبەرهێنەران، دەڵێ: بەداخەوە گومانی شڵەژانی ئابووری و دۆخی ئاسایش لای بەشێک لە وەبەرهێنەران دروست بووە، کاتێکیش ئەوان هەست بە نائارامی کەشی ئابووری دەکەن، بەرەو بازاڕەکانی دیکە دەچن".

حەمیدرەزا جیهانی، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی وەبەرهێنەران پێیانوایە بازاڕەکانی خانووبەرە، زێڕ و پشک، بازاڕی "سەقامگیرن"، گوتی: لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و بە هۆی ئاژاوەکانی ئەمدواییەوە، کێشانەوەی پارە لە وەبەرهێنان و ئاستی فرۆشتنی پشک لە لایەن خاوەن پشکە راستەقینەکانەوە، زۆر زیاد بووە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە خاوەن پشکەکان بە هۆی ئاژاوەکانەوە، هەست بە نائەمنی دەکەن و لە بازاڕ دەکشێنەوە".

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، ئاماژەی بە هیچ ئامارێکی "کێشانەوەی پارە لە وەبەرهێنان و ئاستی فرۆشتنی پشک" نەکردووە.

ماوەی زیاتر لە 20 رۆژە، بە هۆی کوژرانی ژینا ئەمینی کە لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو، خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە و ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ و ئاستی وەبەرهینانی ناوخۆیی لە ئێران داناوە.