کەشناسی: لە هەندێک ناوچە نمە باران دەبارێت

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان نمە باران دەبارێت و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێر خستەڕوو، بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان هەوردەبێت، لە هەندێک کاتدا نیمچە هەور دەبێت  و لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک نمە بارانێکى کەم دەبێت، لە کاتى نمە باران ئەگەرى هەورە تریشقە دەبێت، هەروەها سەنتەرى پارێزگاکان بە گشتى  نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت،  لەگەڵ ئەگەرى دڵۆپە باران.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممە 10/10/2022، کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەوایەکى فێنک لە دەریاى ناوەڕاست، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى رۆژى پێشوو بە (2-3) پلە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی  بەمشێوەیە دەبێت:

هەولێر:  33 پلەى سیلیزى

سلێمانی:  31 پلەى سیلیزى

دهۆک :  31 پلەى سیلیزى

کەرکووک: 36 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە:  32 پلەى سیلیزى

زاخۆ:  33 پلەى سیلیزى

سۆران :  31 پلەى سیلیزى

گەرمیان:  37 پلەى سیلیزى