پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک رەوانەی باڵەکایەتی و برادۆست دەکات

دیمەنێکی تۆپبارانکردنی ناوچەی سیدەکان - ئەرشیف
دیمەنێکی تۆپبارانکردنی ناوچەی سیدەکان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆپباران و بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان، سبەی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک دەنێرێتە ناوچەکانی باڵەکایەتی و برادۆست.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ماوەیەکە هێرشێکی بەرفراوانی مووشەک و بۆردوومان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ دەکرێتە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە زیانی زۆر بەر جووتیاران کەوتووە، بۆیە وەک لیژنەی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی خەڵکی ناوچەکە، راسپێردراوین سەردانی ناوچەکە بکەین و لێکۆڵینەوە بکەین، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ناوچەکان کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی بزانین چارەسەر چییە بۆ وەستاندنی هێرشەکان، هاوکات راپۆرتێک لەبارەی زەرەر و زیانی جووتیاران ئامادە دەکەین و بەرزی دەکەینەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی".

گوتیشی: "سبەی سەردانی ئەو ناوچانە دەکەین و دواتر لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆدەبینەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەوەی راپۆرتەکەیان رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، داوا دەکەن دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان لەبارەی هێرشی مووشەکی و بۆردوومان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان بەڕێوەبچێت.