باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق: به‌ بێ ره‌چاوكردنی سنووره‌كان ئۆپراسیۆن له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین

هێزێكی سوپای توركیا له‌ خاكی عێراقدا
هێزێكی سوپای توركیا له‌ خاكی عێراقدا

K24 – هه‌ولێر:

عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەبارەی هێرشەکانی سەر سەربازگەکانی ئەو وڵاتە له‌ خاكی عێراقدا رایگەیاند، ئەوان ئامادەن ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکە ئەنجام بدەن بەبێ رەچاوکردنی سنوورەکان، گونەی راشیگەیاند، بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە ئەستۆی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دایە.

عەلی رەزا گونەی  گوتیشی: "لەکاتی دیدارەکانمان لەگەڵ هەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی روون رامانگەیاندووە، کە بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ئەستۆی دەسەڵاتە خۆجێییەکانە واتە حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێم".

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گەر کەم و کورتی ئیرادە یاخود توانا بۆ رووبەڕووبوونەوە هەیە، ئێمە دەتوانین بە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانمانەوە تیرۆریستان لەچالاکی بخەین بەبێ لەچاوگرتنی سنوور و لە هەر کوێ بێت، چونکە ئەم رێکخراوە بووەتە هەڕەشە و هۆکاری کوشتنی هاووڵاتییانی ئێمە.

له‌ باره‌ی بوونی سه‌ربازگه‌ و هێزی سوپای توركیا له‌سه‌ر خاكی عێراق، ئه‌و باڵیۆزه‌ی توركیا گوتی: بوونی ئێمە لە عێراق بۆ مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە. ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئەو شوێنانەیە کە تیرۆریستیانی لێیە. پێویست بەوە ناکات بابەتەکە بۆ شوێنێکی  دیکە رابکێشرێت.