سبه‌ی بۆ یانه كوردییه‌كان رۆژێكی مێژوویی ده‌بێت
سبه‌ی دووشه‌ممه چوار نوێنه‌ره‌كه‌ی كورد یه‌كه‌میان یارییان له‌م وه‌رزه له خولی نایابی عێراق ده‌كه‌ن، 3 یانه‌یان بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ركابه‌ره‌كانیان گه‌شتی شاره‌كانی به‌غدا، به‌سره و كه‌ربه‌لایان كردووه و ته‌نیا یانه‌ی دهۆك له‌م هه‌فته‌یه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕبووی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خوله‌كه ده‌بێته‌وه و بڕیاریشداوه رێڕه‌وی رێزلێنان بۆ میوانه‌كه‌ی دروست بكات كه هه‌ڵگری نازناوی وه‌رزی رابردووی خوله‌كه‌یه.
هه‌ولێر به پێكهاته‌یه‌كی پڕ گۆڕانكاری گه‌شتی كه‌ربه‌لای كردووه
یانه‌ی هه‌ولێر سبه‌ی دووشه‌ممه 03:00ـی ئێواره رووبه‌ڕووی كه‌ربه‌لای میوانی تازه‌ی خوله‌كه ده‌بێته‌وه، كه‌ربه‌لا تازه گه‌ڕاوه‌ته‌وه خولی نایابی عێراقی و زه‌حمه‌ته به ئاسانی بۆ هه‌ولێر خۆی به‌ده‌سته‌وه بدات، به‌ڵام هه‌ولێر به سه‌ركردایه‌تی نزار مه‌حرووس پێش زۆربه‌ی یانه‌كان ئاماده‌كاری بۆ خوله‌كه كردووه و تیپه‌كه به ته‌واوه‌تی نوێ كراوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای گواستنه‌وه‌ی زیاتر له 15 یاریزانی نوێ، به‌ڵام هێشتا گومانه‌كان له‌سه‌ر هێڵی پێشه‌وه‌ی یانه‌كه ماوه، ئه‌گه‌رچی مازن فه‌یازی یه‌كێك له سووپه‌رستاره‌كانی گواستووه‌ته‌وه.
زاخۆ رووبەڕووی پاڵەوانی جامی عێراقی دەبێتەوە
زاخۆی سبه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له به‌غدا له نێو یاریگه‌ی ئه‌حمه‌د رازی ده‌بێته میوانی یانه‌ی كه‌رخ، یارییه‌كه‌ش له كاتژمێر 03:00ـی ئێواره ده‌كرێت، یانه‌ی كه‌رخ له‌م هاوینه ئۆردوگای مه‌شقی چڕوپڕی له شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدا، تاكه یاریزانی كورد له‌و یانه‌یه شێرزاد محه‌مه‌دی كاپتنی وه‌رزی پێشووی یانه‌ی هه‌ندرێنه كه له هێڵی به‌رگری كه‌رخ یاری ده‌كات، له به‌رامبه‌ردا زاخۆ به راهێنه‌رایه‌تی حه‌مزه هادی و به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری خۆی بۆ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه ئاماده كردووه.
نەورۆز ده‌بێته میوانی نەفتی بەسره
له هه‌مان رۆژ له كاتژمێر (04:00)ـی ئێواره، نه‌ورۆز بە راهێنه‌ریه‌تی وه‌لی كه‌ریم له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته میوانی یانه‌ی نه‌فتی به‌سڕه، كه نه‌ورۆز وه‌رزی رابردوو یه‌كه‌مجاربوو به‌شداری له خولی نایابی عێراقی بكات، كه‌چی پله‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ی به‌ده‌ستهینا، خاڵی به‌هێزی نه‌ورۆز ئاسۆ رۆسته‌م بوو وه‌رزی رابردوو، كه 18 گۆڵی له خوله‌كه كردوو پله‌ی دووه‌می گۆڵكارانی هه‌بوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به سالمیه‌ی كوێتی كرد و نه‌ورۆزی جێهێشت.
دهۆک رووبه‌ڕووی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابروو ده‌بێته‌وه
دهۆكی تازه گه‌ڕاوه بۆ خولی نایابی عێراقی خاوه‌ن یه‌ك نازناوی خوله‌كه له یارییه‌كی زه‌حمه‌ت و به‌هێزدا له یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی شوڕته‌ی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خوله‌كه ده‌كات، دهۆك به زه‌حمه‌ت توانی بۆ جارێكی‌تر بگه‌ڕێته‌وه خولی نایابی عێراقی، به گوته‌ی خۆیان بۆ ئه‌م وه‌رزه ته‌نیا هه‌وڵی مانه‌وه له‌و خوله ده‌ده‌ن دواتر به‌رنامه بۆ وه‌رزه‌كانی دیكه داده‌ڕێژن، كارگێڕی تازه‌ی دهۆك به‌شێویه‌كی ژیرانه كاریان كرد و سه‌ركه‌وتووبوون له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یانه‌ی دهۆك به راهێنه‌رایه‌تی سلێمان ره‌مه‌زان بۆ خوله‌كه، بڕیاریشه سبه‌ی یاریزانانی دهۆك له نێو یاریگه‌ی خۆیان رێڕه‌وی رێزلێنان بۆ یانه‌ی شوڕته‌ی میوانیان دروست بكه‌ن.
ئه‌م وه‌رزه له خولی نایابی عێراق بڕیاره 3 یانه بۆ ریزی پله‌یه‌كه‌كان دابه‌زن و ته‌نها دوو یانه‌ش له ریزی پله یه‌كه‌كان بۆ خولی نایاب سه‌رده‌كه‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن وه‌رزی داهاتوو ژماره‌ی یانه نایابه‌كان بگه‌ینه 18 یانه، هه‌ولێر له نێو یانه كوردییه‌كان زۆرترین نازناوی بردووه‌ته‌وه كه (4) نازناوه، دهۆكیش ته‌نیا یه‌كجار بووه‌ته پاڵه‌وان.
یانه‌ی زه‌وڕاش خاوه‌ن زۆرترین نازناوه، كه 14 جار بووه‌ته پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراقی، له‌م ساڵانه‌ی دوایی یانه‌كانی شوڕته و جه‌ویه باڵاده‌ستیان به‌سه‌ر خوله‌كه‌دا هه‌بووه نازناوه‌كان له‌نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه یه‌كلابووه‌ته‌وه.