حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داوا دەکات وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاربکرێت

.
.

K24 – هەولێر

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، داوا دەکات وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاربکرێت و لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات.

مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەخنە لە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەگرێت و داوا دەکات وادەی هەڵبژاردن دیاربکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا "لە هەرێمی کوردستان ‏درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووە بە نەریتێکی نەرێنی و هیچ خوولێکی پەرلەمانی نییە، کە ماوەی خوولەکەی درێژ نەکرابێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشێلکردنی مافێکی سیاسیی هاووڵاتییانە، لە ئاستی دەرەوەش زەرەری لە پرۆسەی دیموكراسی هەرێم دایە و جێی پرسیاری نێوەندە نێودەوڵەتییەکانە".

لە بەشێکی دیکەی دیکەی راگەیەندراوەکەدا حزبی زەحمەتکێشان داوا دەکات: "هەرچی زووە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت و لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات. هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی  دوور لە پشک پشکێنەی حزبی، لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی هەڵبژێردرێتەوە".