دوو میدیاکار لە سلێمانی دیارنەماون
K24 - سلێمانی:
دەزگایەکی میدیایی ناوخۆیی رایدەگەیەنێت، سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینی دەزگاکەیان لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی رۆیشتوون و دیارنەماون، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرکراون.
دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 9/10/2022، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیوەندیدابوون لەگەڵیان و بڕیاربوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە لەو كاتەوە (كاتژمێر شەشی ئێوارە) تاوەكو بڵاوكردنەوەی ئەم راگەیەندراوە ژمارە مۆبایلەكانیان داخرایە، بەڵام ناوە ناوە هێڵی ئینتەرنێتیان دەكرێتەوە و دادەخرێت، سەرباری ئەوەی هیچ وەڵامێكیان نییە".
ئەوەشی خراوەتەڕوو، ئەوەی بووەتە جێگەی گومان لەلای دەزگا میدیاییەکە، كاتژمێر (9:24) نۆ و بیست و چوار خولەك لە رێگەی ئەكاونتی ئیبراهیم عەلی، ئەكاونتێكی دیکە كە ناوی لای ئێمە پارێزراوە كراوەتە ئەدمین لە دەزگا میدیاییەکە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك".
دەزگاکە دەشڵێت: "لەرێگەی ئەم راگەیەندراوە هەر سێ سەرۆكایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین تاوەكو سۆراغی ئەم دوو هاوكارەمان دەزانین و سەلامەتیان لە ئەستۆی دامەزراوەكاندایە".
هاوکات پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "پاش سۆراخ و بەدواداچوون دەرکەوت هەردوو هاوڕێی ڕۆژنامەنووسمان سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی لە ئاسایشی سلێمانین، پارێزەریان بۆ دابیندەکەین و بەدوای دەچین".
عەدنان عوسمان ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئەمڕۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك رایگەیاند، "ئەو دوو رۆژنامەنووسە تەقەیان لێکراوە، ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە، پاشان بە برینداری گیراون و ئێستا لە سلێمانی دەست بەسەرن"، بەڵام دواتر بڵاوکراوەکەی لە فەیسبووک سڕیەوە.