یەکێتی ئەوروپا پێدانی ڤیزەی شنگنی بە هاووڵاتیانی ئێرانی هەڵپەسارد

K24 – هەولێر

حورمەتوڵا رەفیعی، سەرۆکی بۆردی ئەنجوومەنی نووسینگەکانی پێدانی خزمەتگوزاری بە گەشتیارانی ئێرانی، ئاشکرای کرد کە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپایی بە شێوەیەکی نافەرمی پێدانی ڤیزەی شنگنیان بە گەشتیارانی ئێرانی هەڵپەساردووە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیسنا)ـی ئێرانی، ئەمڕۆ (دووشەممە 10ـی تشرینی یەکەم) بڵاوی کردووەتەوە، "باڵیۆزخانەی چەند وڵاتێکی ئەوروپایی تا کۆتایی ئەم مانگە، داواکاری وەرگرتنی ڤیزە وەرناگرن."

(ئیسنا)، پێیوایە "زۆربوونی ئەگەری کۆچی ئێرانییەکان" بە هۆی دۆخی ئێستاوە، هۆکاری سەرەکی هەڵپەساردنی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتانی ئێرانییە لە لایەن وڵاتانی ناوچەی شنگنەوە.

تا ئێستا باڵیۆزخانەی هیچ کام لە وڵاتانی ئەوروپایی لەبارەی هەڵپەساردنی خزمەتگوزاری ڤیزەی شنگن، روونکردنەوەیان نەداوە، بەڵام نووسینگەی پێدانی ڤیزەی فەرەنسا لە تاران، رۆژی 29ـی ئەیلولی رابردوو رایگەیاند، بە هۆی "کێشەی ئینتەرنێت"، ناتوانن کاروباری خزمەتگوزاری ڤیزە رایی بکەن.

ئەو نووسینگەیە، دووپاتی کردبووەوە کە دۆخەکە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی باڵیۆزخانەی فەرەنسایە لە تاران.

هەروەها حورمەتوڵا رەفیعی، بە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیسنا)ـی راگەیاندووە، "ئەگەر هەر کەسێک پێشتر ڤیزەی شنگنی وەرگرتبێت، گرووپاتی گەشتی گەشتیاریی ناوچەی شنگن بە شێوەی ئاسایی و لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچن.

ئەو دەڵێ: پرۆسەی پێدانی ڤیزە لە لایەن باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەی وڵاتانی دیکەوە بە هاووڵاتانی ئێرانی، کێشەی تێدا نییە و وەک هەمیشە بەڕێوە دەچێت".

پێشتر موحسین حاجی سەعید، سەرۆکی بۆردی ئەنجوومەنەکانی رێبەرانی گەشتیاریی ئێران، ئاشکرای کردبوو کە بە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران، وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئەفریقیای باشوور، بەرزایل و ئیسپانیا تەواوی گرووپاتی گەشتیاری خۆیان بۆ ئێران راگرتووە.