دۆناڵد ترەمپ: ئەگەر وانەکەین جەنگی سێیەمی جیهانی روودەدات

"جەنگی سێیەمی جیهانی جەنگێکە هاوشێوەی نییە"
دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەمیانی گوتارێکیدا لە پێشبڕکێیەکی رالی لە ویلایەتی ئاریزۆنا گوتی: پێویستە داوای دانووستانی بەپەلەی ئاشتییانە بکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەگەر وانەکەین جەنگی سێیەمی جیهانی روودەدات کە جەنگێکە هاوشێوەی نییە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سەرەتای گوتارەکەی بەمە دەستپێکرد: ئێستا رووسیا و ئۆکرانیا کەوتوونەتە جەنگەوە لەگەڵ یەکدی، کە بە ئەگەری زۆرەوە هەزاران قوربانی لێدەکەوێتەوە، تا ئێستا جەنگی لەمجۆرەمان نەبینیووە، هۆکاری جەنگەکەش بۆ خەڵکی گەمژە دەگەڕێتەوە کە ئاگایان لە هیچ نییە، هەروەها بەهۆی ئەو جۆرە چەکەوەیە کە ئەمڕۆ بەردەستە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، رووسیا هێشتا پارێزەرێکی دیکەی بەدەستەوە ماوە، کە پارێزەرێکی زۆر بەهێزە.

ترەمپ هۆشداری دەدات و دەڵێت: دەبێت بزانین چی دەڵێین و چی بکەین، ئێستاش ئێمە بەتەواوی شتێکی هەڵە دەڵێین کە کۆتاییەکەی جەنگی سێیەمی جیهانی لێدەکەوێتەوە.