"هەرێمی کوردستان نابێتە فاکتەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە"

K24 – هەولێر
بەشێک لە میدیاکانی ئێران، حکومەت و میدیاکانی هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار کردووە، كه لە رووداوەکانی ناو ئێراندا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لایەنگیریان کردووە، بەڵام بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئێران دراوسێمانە و هیچ کات هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ ئەو وڵاتە، سەبارەت بە میدیاکانیش، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، دووپاتیدەکاتەوە کە میدیاکانی هەرێمی کوردستان پیشەییانە رووماڵی هەواڵەکانیان کردووە.
سالار عوسمان بریکاری وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز لایەنگیر نەبووە و بەردەوام رۆڵی حکومەتداری خۆی بینیووە، بەوەی کە رایەڵەی دیالۆگ بۆ هەموو لایەک دروست بکات".
گوتیشی: "بوونی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە عێراق پێش بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەرێمی کوردستان هیچ کات پەناگە نییە بۆ هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن و هەرگیزیش لەگەڵ شەڕ نییە، هەروەها لەگەڵ ئەوەش نییە ببین بە فاکتەری کێشە لە ناوچەکەدا".
گەلی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسیەکەی، هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 لەبیر نەچووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەکەن، کە خاکی هەرێمی کوردستان نەبێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەیی ململانێ هەرێمییەکان، چونکە هەر هاووڵاتیانی سڤیلن تێیدا دەبنە قوربانی.
سەبارەت بە رووماڵی میدیاکانیش، کە میدیاکانی ئێران بە لەدەستدانی کاری پیشەیی تۆمەتباری کردوون، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، رایدەگەیەنێت، ئەوەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان کردوویانە پیشەییانە بووە و دوور بووە لە لایەنگیری.
ئازاد حهمه ئهمین نهقیبی سهندیكای رۆژنامهنووسانی کوردستان، دەڵێت: "میدیاکانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەبوونەتە لایەنگر لەو پشێویانە، دوو ئەرکی سەرەکی لەسەر شانی میدیاکانی هەرێمی کوردستان، یەکەم پاراستنی هەرێمی کوردستان، دووەم گەیاندنی زانیارییەکانە، ئێمە وەکو سەندیکا پەیوەندییمان لەگەڵ هەموو میدیاکان هەیە و میدیاکانی هەرێمی کوردستان ئەزموونی باشیان هەیە و توانیویانە پیشەییانە کاربکەن".
لەنێو بڵاوکراوەکانی بەشێک لە میدیاکانی ئێراندا، ناوی دامەزراوەی کوردستان24یش هاتووە و تۆمەتبارکراوە بەوەی لە رووداوەکاندا لایەنگیری کردووە، بەتایبەت لە دوای مووشەکبارانەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە دوو هەفتەی رابردوودا.
ئهحمهد زاوێتهیی بهڕێوبهری گشتیی دامهزراوهی كوردستان 24، رایگهیاند، كوردستان24 بهشێوهیهكی پیشهییانه رووماڵی رووداوهكانی ناوچهكه و جیهان دهكات، رهخنهكانی دهسهڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بهڵگهن لهسهر ئهوهی بێ لایهنانه رووماڵمان كردووه.