رێنمایی نوێ لەبارەی پێدانی تابلۆی بارهەڵگر دەدرێت

"لە سەرەتادا تەنیا لە مامەڵەی تۆماری یەکەمجاردا پێدانی تابلۆی نوێ جێبەجێدەکرێت"
تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل
تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، تابلۆی نوێ دەدرێتە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و لە قۆناغی سەرەتاشدا تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی بۆ یەکەمجار تۆماردەکرێن، تابلۆکانیان پێدەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (10ی تشرینی یەکەمی 2022) بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند "پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی تابلۆی ئوتومبیلی تایبەتی بەشێوەیەکی نوێ دابەشکرد، لە ئێستادا دەستیکردووە بە پێدانی تابلۆی نوێ بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و وەك سەرەتایەک تەنیا لە مامەڵەی تۆماری یەکەمجاردا جێبەجێدەکات".

هەروەها باقی سابیر، لێپرسراوی هۆبەی ووردبینی تۆمار لە بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا تابلۆی نوێ بۆ سەرجەم مامەڵەکانی گواستنەوە، بەناوکردن و نوێکردنەوە بەردەست دەبێت.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل درایە هاووڵاتیان کە بەشێوازێکی نوێ دیزاین کراوە و لەبری ناوی شار، کۆد بۆ شارەکان دانراوە و ئەو ئۆتۆمبیلانەی ژمارەکانیان لە شەش ژمارە پێکهاتبوو، ژمارەی دووەمیان لادەبرێت و لەبری ئەوە پیتێکی زمانی ئینگلیزی بۆ دادەنرێت، لە قۆناغی سەرەتاشدا تابلۆ نوێیەکان بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت دەبەسترا.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم، لە ساڵی 2021 دا ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە لە ملیۆنێک و 985 هەزار، ئەوە جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و تۆمار نەکراون.