شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار روونکردنەوە بۆ کوردستان24 دەدات

شاخەوان عەبدوڵڵا
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێکی فەرمیی نییە کۆبوونەوەی چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەرێوەبچێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24 راگەیاند: "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە، بۆ ئەوەی چوارشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوە کردوو، لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتوون، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە.

دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تائێستا نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.

هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ 10/10/2022 محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌یاوه‌ری محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران و فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشته‌ هه‌ولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدرا كه‌ 3249 كاندید بۆ 329 كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كێبڕكێیان كرد. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، زیاتر له‌ 8 ملیۆن ده‌نگده‌ر له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌شدارییان كرد، كه‌ رێژه‌ی به‌شداریكردن به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌یشته‌ 41%.

هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌پێی یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. كه‌ هه‌موو عێراقی به‌سه‌ر 83 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌شكردبوو كه‌ 8962 بنكه‌ی هه‌ڵبژاردنیشی له‌خۆگرتبوو. دوای ئاشكراكردنی ئەنجامەکان، ره‌وتی سه‌در له‌ شیعه‌كان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان و هاوپه‌یمانی سیاده‌ (عه‌زم و ته‌قه‌دوم) له‌ سوننه‌كان زۆرینه‌ی كورسییه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا.