حکومەت خەرجی رۆژانە و هاتووچۆی خۆڕایی بۆ 450 قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت دابیندەکات

قوتابییەکان لە ناوەوە و دەوروبەری پارێزگای هەولێرن
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابییانی خاوەن پێدوایستی تایبەت، لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، پاسی گواستنەوەی خۆرایی بۆ 450 قوتابی خاوەن پێدوایستی تایبەت لە ناوەوە و دەوروبەری پارێزگای هەولێر دابینکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە (10ی تشرینی یەکەمی 2022)، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەزاری تانیا جەمال، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، "رۆژانە لەڕێگەی 50 پاسەوە، هاتووچۆ بە 450 قوتابی خاوەن پێدوایستی تایبەت دەکرێت، کە نیشتەجێی ناوەوە و دەوروبەری پارێزگای هەولێرن.

ئاماژە بەوەشدرا، سەرەڕای دابینکردنی پاسی گواستنەوە بۆ هاتووچۆکردنی قوتابییان، حکومەت مانگانە خەرجیی گیرفانیش بۆ ئەو قوتابییانە خەرج دەکات و یارمەتیی داراییان دەدات، بۆ ئەوەی بارگرانیی لەسەر خێزانەکانیان دروستنەکەن.

تانیا جەمال گوتیشی: قوتابییەکان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو نۆی بنەڕەتین کە لە پەیمانگا و سەنتەرەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەخوێنن، ئەوانیش پێکدێن لە: پەیمانگای رووناکی نابینایان، پەیمانگای ئاواتی بیرکۆڵان، پەیمانگای هیوای نابیستان، پەیمانگای هانا بۆ شیاندنی خاوەن پێدوایستی تایبەت و سەنتەری ئۆتیزم.

لە هەواڵەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، مانگانە لە سەنتەری رۆشا بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر، خولی فێربوونی کۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەک بۆ نابینایان دەکرێتەوە، و نابینایان فێری بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، کیبۆرد و مۆبایلی زیرەک دەکرێن. ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت لەم رێگەیەوە خزمەتی زیاتری کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت بکات.