دۆسیه‌یه‌كی نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور جه‌نگی له دادگه‌ی به‌رایی سلێمانی یه‌كلاییكرایه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
تیمی پارێزه‌رانی بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌یه‌كیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ناوبراو له دادگه‌ی به‌رایی سلێمانی راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، تیمی پارێزه‌رانی بافڵ تاڵه‌بانی، ئاشكرایانكردووه، ئه‌و دۆسییه‌یه‌ی له‌لایه‌ن لاهور جه‌نگییه‌وه له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی نێو یه‌كێتی پێشكه‌شی دادگه‌ی كرابوو، له‌لایه‌ن دادگه‌ی به‌رایی سلێمانییه‌وه ره‌تكرایه‌وه و له به‌رژه‌وه‌ندی بافڵ تاڵه‌بانی دۆسییه‌كه‌ی به یه‌كجاری داخست.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، كه دادگا هه‌موو بڕیار و گۆڕانكارییه‌كانی نێو یه‌كێتی كه به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی ئه‌نجامدراون، به یاسایی له‌قه‌ڵه‌مداوه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌ی تیمی پارێزه‌رانی بافڵ تاڵه‌بانیدا هاتووه، داواكار (لاهور جه‌نگی)، ده‌بوو له‌ماوه‌ی 60 رۆژ له ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه‌كان ئه‌و داوایه‌ی تۆماركردبووایه به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌و داوایه‌ی تۆماركردووه، بۆیه دادگا له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای پارته سیاسییه‌كان، ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه.