وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆکرانیا: رووسیا دەوڵەتێکی تیرۆریسته‌

كیێڤ
كیێڤ

K24 – هه‌ولێر:

راوێژکارێكی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا، رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا چەندین ناوچەی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و رووسیاشی بە دەوڵەتێکی تیرۆریستی ناوبرد.

یوریی ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری، کە بڕیار وایە ئەم هەفتەیە لە 12 و 13ـی مانگ  لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلژیکا ئەنجامبدرێت،  داوا ده‌كه‌ین هاوکاری سەربازی زیاتر پێشکەش بە ئۆکرانیا بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی سوپای رووسیا بوەستینەوە.

ده‌شڵێت:"ئەمڕۆ چەند هێرشێکی مووشەکی کراوەتەسەر کیێڤ، چەند ناوچەیەکی مەدەنی وەک پارکی یاری منداڵان، پیشانگای هونەری و شوێنی پیادەی هاووڵاتیانی مەدەنی كراونه‌ته‌‌ ئامانج، ئەمە گەورەترین جۆری کردەوەی تیرۆریستییە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ناوچەیەکی ژێرخانی ئابووی وەک بنکەی ئەتۆم و خزمەتگوزاری فریاکەوتن کراونەتە ئامانج".

گوتیشی: "حکومەتەکەمان هەموو هەوڵێک دەدات، بۆ ئەوەی هەرچی زووە شتەکان چاکبکاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین رووسیا وڵاتێکی تیرۆریستییە، ئێمە پێویستیمان بە چەک و تانک و ئۆتۆمبێلی گولـله‌نەبڕی زیاترە، بۆ ئەوەی بتوانین لەو جەنگەدا سەرکەوتووبین".