سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له سووریا پێكه‌وه وێنه‌ده‌گرن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای ناكۆكی توندی نێوان هه‌ردوو وڵاتی رووسیا و ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی جه‌نگی ئۆكرانیاوه، به‌ڵام سه‌ربازانی سووپای ئه‌و دوو وڵاته له سووریا پێكه‌وه وێنه‌ده‌گرن.
ئاژانسی فرانس پرێس، وێنه‌ی سه‌ربازانی هه‌ردوو سووپای ئه‌مه‌ریكا و رووسیای له نزیك شارۆچكه‌ی قه‌حتانییه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بڵاوكرده‌وه، كه پێكه‌وه گفتوگۆده‌كه‌ن و وێنه‌ده‌گرن.
رۆژی شه‌ممه رابردوو له نزیك كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی نزیك سنووری توركیا، سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا به‌یه‌كگه‌یشتوون و له ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانیان دابه‌زیون و پێكه‌وه وێنه‌ده‌گرن، كه ئه‌مه‌ش به دیمه‌نێكی سه‌رنجراكێشی ده‌گمه‌ن له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو سووپایه داده‌نرێت.
هه‌روه‌ها له وێنه‌كاندا، سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا ده‌رده‌كه‌ون كه پێكه‌وه گفتوگۆده‌كه‌ن و چه‌كه‌كانیان به شانه‌وه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناكۆكییه‌ك له‌نێوانیاندا به‌دیبكرێت.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیایه‌وه، ناكۆكییه سیاسییه‌كانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ له ئاستێكی به‌رزدایه و وێڕای سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌سه‌ر رووسیا، ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی كیێڤیش ده‌كات له‌رووی پێشكه‌شكردنی هاوكاری سه‌ربازی.



سه‌رچاوه: فرانس پرێس