کارکردن لە ماڵەوە به‌ ملیاران دۆلار زیانی بە هێڵی ئاسنینی ئه‌م وڵاته‌ گەیاندووە

وێستگه‌یه‌كی میترۆ له‌ به‌ریتانیا
وێستگه‌یه‌كی میترۆ له‌ به‌ریتانیا

K24 - هه‌ولێر:

سەرەڕای گەڕانەوەی کارمەندان بۆ ئۆفیسەکانیان دوای رێوشوێنەکانی کۆرۆنا و کەوتنەوە کاری شەمەندەفەرەکان بۆ ئاستی بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام کارکردن لە ماڵەوە بە نزیکەیی 2 ملیار دۆلار زیانی بە هێڵی ئاسنینی بەریتانیا گەیاندووە.

چەندین کەسایەتی دیار لە هێڵی ئاسنینی بەریتانیا ئاماژەیان بەوەداوە، لەگەڵ ئەوەی سەدا 97ـی هێڵەکانی شەمەندەفەر بەراورد بە 2019 گەڕاونەتەوە سەرکار، بەڵام سەرنشینان بەشێوەیەکی کەمتر بەکاری دەهێنن.

ئەو سەرچاوانە بۆ ئاژانسی ئیندیپیندت ئاشکرایان کردووە، ئێستا کارمەندان لە ماڵەوە و نووسینگەکانیان کاردەکەن، لە هەفتەیەکدا بە نزیکەی سێ رۆژ دەچنە سەر کار، ئەوەش وایکردووە بەکارهێنانی هێڵی ئاسنین کەمبێتەوە و لە ئەنجامدا داهاتەکەی دابەزیوە.

تاوەکو ئێستاش بەکارهێنانی هێڵەکانی ئاسنین لە جەنجاڵیترین کاتەکانی ناگاتە سەدا 50ـی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لەو بارەیەوە ئاندرۆ هینز سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی بەریتانیا دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی پارتی پارێزگاران لەگەڵ سەرانی کەرتی پیشەسازی کە تاوتوێی قەیرانی وزەیان کردووە، کورتهێنانی هێڵی ئاسنین بۆ 2.2 ملیار دۆلار لە بودجەی ساڵانەی بەرزدەبێتەوە.

ئەو کورتهێنانە لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسنین لە بەریتانیا گۆڕانکاری لە خشتەی کارەکانیان دەکه‌ن، ئەوەش دوای ئەوە دێت سەندیکای کاری هێڵەکانی ئاسنین و دەریایی و گواستنەوە کۆبوونەوە و تێبینییەکانیان لە بارەی گۆڕانکارییەکان خستەڕوو.

ئێستاش بەهۆی سەرهەڵدانی بازاڕی ئەلیکترۆنییەوە، کەرتی هێڵی ئاسنین دووچاری قەیران بووەتەوە و حکومەتی بەریتانیاش کاردەکات بۆ ئەوەی پەیکەربەندی بازاڕی سەرنشینانی هێڵی ئاسنین رێکبخاتەوە.

حکومەتی بەریتانیان بۆ پشتیوانی کردنی هێڵی ئاسنین هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە، لە نوێترینیان ماری تریڤلیان وەزیری گواستنەوە لە کابینەی لیز راس دەڵێت، کار بۆ ئەوە دەکەن کارکردنی هێڵی ئاسنین لە 100 ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت.