كێشه‌كانی لیڤه‌رپوول گه‌یشته‌ لوتكه‌

یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول
یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول

دوای لویس دیاز، لیڤه‌رپوول جویل ماتیپ و ئالێکساندەر ئارنۆڵدیشی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ده‌ست دا و ژمارەی یاریزانە پێکراوەکانی رێدز گەیشتە نۆ یاریزان.

پێگه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ ئالێکساندەر ئارنۆڵد و جویل ماتیپ بەهۆی پێکانەوە له‌ یانه‌كه‌ داده‌بڕێن و له‌ژێر چاودێری پزیشكی دان.

به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كانی ئینگلیزی ئه‌و دوو یاریزانه‌ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە یاریگاکان دادەبرێن، لەکاتێکدا ٢٤ کاتژمێر پێشتر لیڤەرپوول پێکانی لویس دیاز هێرشبەری کۆلۆمبیشی راگەیاند کە تا دوای مۆندیالی ٢٠٢٢ لە یاریگاکان دادەبڕێت و زیاتر لە دوو مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت، بەلایەنی کەم لە ١٠ یاریی داهاتووی یانەکەی بێبەش دەبێت.

ماتیپ و ئارنۆڵد و دیاز هێندەی دیکە کێشەکانی یۆرگن کلۆپی راهێنه‌ری لیڤه‌رپوولیان بۆ یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی قووڵترکردەوە، كه‌ بڕیاره‌ رۆژی یەکشەممە رێدز لە یاریگای ئانفێلد میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات.

جگە لەم سێ یاریزانە هەریەکە لە نابی کیتا و چامبێرلەین و جۆنز و ئارسەر میلۆ و رۆبێرتسۆن و رامزی پێکانیان هەیە و لە یاریکردن دابڕاون.