کۆڕبەندی نێودەوڵەتی هەفتەی وزە لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت

ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا بۆ کارووباری وزە - ئەرشیف: رۆژی 7/10/2017
ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا بۆ کارووباری وزە - ئەرشیف: رۆژی 7/10/2017

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ لە پێشانگای نێودەوڵەتی مانێژە لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا، پێنجەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی "هەفتەی وزەی رووسیا" دەست بەکارەکانی دەکات و تا 14/10/2022، بەردەوام دەبێت.

بڕیارە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا وتارێک پێشکەش بکات، تەوەری سەرەکی کۆڕبەندەکە بریتییە لە "وزەی جیهانی لە جیهانێکی فرە جەمسەردا".

بەشی راگەیاندنی کۆشکی کرێمل رایگەیاندووە، لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا وتەی دەبێت، هەروەها بەشی راگەیاندنی کۆڕبەندەکەش ئەوەی خستووەتەروو، کە زیاتر لە سێ هەزار بەشداربوو ئامادەبوونی خۆیان بۆ بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکە پشتڕاستکردەوە و لەم رێژەیە بڕیارە 16 وەزیری دەرەوە لە وڵاتانی ئازەربایجان، جەزائیر، هەنگاریا، ڤەنزوێلا، ڤێتنام، کازاخستان، مالی، میانمار، بێلاڕووس، سووریا، سیرالیۆن، تورکیا و سریلانکا بەشداری بکەن. نزیکەی 50 نوێنەر و دیپلۆماتکاری بیانی و  بەرپرسانی باڵای کۆماری ئەبخازیا و ئۆزبەکستان بەشداری دەکەن.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکی وەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری وزە، بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەمڕۆ ئاسایشی وزەی هەسارەکە، پەیوەستە بە کارکردنی جێگیری پیشەسازییەکانی سووتەمەنی و وزە، لەم رووەوە گرنگە زەمینەی هاوبەش لە نێوان بەشداربووانی سەرەکی لە بازاڕی وزەدا بدۆزرێتەوە، پێویستە گفتوگۆ لەسەر تەحەددیاتەکان، کێشەکان، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان، دۆزینەوەی رێگەچارەکان، فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پەرەپێدانی بوارە نوێیەکانی هاوکاری بکرێت.

ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، راوێژکاری ڤلادیمێر پوتن و بەرپرسی لیژنەی رێکخستنی کۆڕبەندەکە ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە سێ هەزار بەشداربوو لە زیاتر لە 70 وڵاتی بیانیەوە هاتوون، کۆڕبەندەکە رێگە بە هەردوو نوێنەری بازرگانی و دەسەڵات دەدات تاوتوێی دۆخی ئێستای بازاڕی وزەی جیهانی بکەن، گوێ لە پێشنیازەکانی نوێنەرانی وڵاتە جیاوازەکان بگرن و بۆچوونی پسپۆڕانی وزە لەبەرچاو بگرن، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوبەشی پێشنیازەکان بۆ کاری هاوبەشی زیاتر.

لە میانی دانیشتنە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، میوانە بیانییەکان، لەگەڵ کۆمەڵگەی پیشەیی لە رووسیادا، باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە گەشەپێدانی وزەی بەردەوام لە نێوان رووسیا و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا دەکەن، چارەسەر بۆ گرنگترین پرسیار دەدۆزنەوە، کە چاوەڕوانی نەوتی جیهانی چییە و بازاڕی غاز لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەروەها تاوتوێکردنی بەردەوامی دروستکردنی کۆمەڵەی نوێ لە پاشخانی گۆڕانکارییە بەرفراوانەکان لە سیستەمی سیاسی و ئابووری جیهانیدا.

ئامانج لەم کۆڕبەندە نیشاندانی ئاسۆی کۆمەڵگەی سووتەمەنی و وزەی رووسیا و بەدیهێنانی توانای هاوکاری نێودەوڵەتییە لە کەرتی وزەدا. کۆڕبەندەکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ تاوتوێکردنی ئەو ئاستەنگە سەرەکیانەی کە رووبەڕووی کەرتی وزە و ئابووری دەبێتەوە و پرسەکانی ئێستای گەشەپێدان: پیشەسازی غاز، پیشەسازی نەوت، پیشەسازی خەڵوز، پترۆکیمیا، پیشەسازی کارەبا، وزەی ناوەکی، وزەی ئاو، وزە لەسەر سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە و پاشەکەوتکردنی وزە و کارایی وزە.

کۆڕبەندەکە یەکێکە لە سەکۆ سەرەکییەکان بۆ تاوتوێکردنی رەوتەکانی ئێستا لە پەرەپێدانی سووتەمەنی و وزەی مۆدێرن. ئەو کۆڕبەندە لەلایەن دامەزراوەی رۆسکۆنگرێس، وەزارەتی وزەی رووسیا بە پاڵپشتی حکومەتی مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

پێنجەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی "هەفتەی وزەی رووسیا" لە 12 تا 14ی تشرینی یەکەم لە هۆڵی پێشانگەی ناوەندی "مانێژە"  بەڕێوەدەچێت، کوردستان24 بەفەرمی بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە و کارو چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە رووماڵ دەکات.