ئۆکرانیا یەکەم سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەدەست گەیشت

مۆسکۆ: پێدانی سیستمەی بەرگری تەنیا جەنگەکە درێژدەکاتەوە
"سیستمی بەرگری ئاسمانی (IRIS-T)
"سیستمی بەرگری ئاسمانی (IRIS-T)

K24 - سلێمانی:

ئۆکرانیا یەکەم سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەدەست گەیشت و مۆسکۆش دەڵێت، تەنیا جەنگەکە درێژدەکاتەوە.

ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە تویتەر رایگەیاند، "سیستمی بەرگری ئاسمانی (IRIS-T) ئێستا لەبەردەستماندایە، چاوەڕێی گەیشتنی سیستەمی NASAMS دەکەین لە ئەمەریکاوە، ئێمە پێویستمان بە زیاتر هەیە".

پێشتر گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکرەوە، ئەڵمانیا یەك سیستەمی بەرگری ئاسمانی مەودا ناوەندی (IRIS-T SLM) رەوانەی ئۆکرانیا کردووە لە کۆی چوار سیستەم کە بەڵێنیداوە بیداتە ئەو وڵاتە.

هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دوای هێرشە موشەکییەکانی رۆژی دووشەممەی مۆسکۆ بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا، وڵاتەکەی پەلە دەکات لە ناردنی سیستەمی موشەکی بەرگری پێشکەوتووی جۆری "ناسامز" بۆ ئۆکرانیا.

سیستەمی NASAMSـی ئەمەریکی
سیستەمی NASAMSـی ئەمەریکی

ئەمەریکا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ناردنی هەشت سیستەمی بەرگی ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا کە چاوەڕێدەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دووانیان رادەستی کیێڤ بکات.

هاوکات ڤیکتۆر بۆندارڤ، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە  پەرلەمانی رووسیا لە تێلیگرام رایگەیاند، پڕچەککردنی ئۆکرانیا بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی، هیچ شتێک لە بەڕێوەچوونی رێڕەوی پرۆسەی سەربازی رووسیا لە ئۆکرانیا ناگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەڵمانیا لە باشی خۆی یارمەتی ئۆکرانیا نادات، بەڵکو یارمەتی درێژکردنەوەی جەنگەکە دەدات کە لە پلەی یەکەمدا لە بەرژەوەندی ئۆکرانیا نییە".

رۆژی دووشەممە 10-10-2022، رووسیا بە زیاتر لە 80 مووشەک، کێیڤی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئۆکرانیای کردە ئامانج و، لە ئاکامی هێرشەکە 14 کەس گیانیان لەدەستدا.