پێچەوانەی داکەوتنی وڵاتان، ئابووری وڵاتانی کەنداو گەشە دەکات

ئابووری عێراق لەمساڵدا 9.3% گەشە دەکات
ئاڵای ژماره‌یه‌ك وڵاتی كه‌نداو
ئاڵای ژماره‌یه‌ك وڵاتی كه‌نداو

K24 - هه‌ولێر:

لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان بە دەست داکەوتنی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی هەڵاوسان قەیرانیان بۆ دروستبووە، بەڵام وڵاتانی کەنداو پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە ئابوورییەکانیان گەشە دەکات و عێراقیش پێشەنگی ئەو گەشەکردنەیە.

بە گوێرەی داتاکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، ئابووری عێراق لەمساڵدا بە رێژەی سەدا 9.3 گەشە دەکات و کوێتیش لە پلەی دووەمدایە بە رێژەی سەدا 8.7 گەشە دەکات.

سعوودیە وەک یەکەم گەورەترین ئابووری وڵاتانی جیهانی عەرەبی لە ریزبەندی سێیەمدایە، بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی گرووپی 20 بەرزترین گەشە تۆمار دەکات و رێژەکەی سەدا 7.6ـە.

سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی پێی وایە، هۆکاری ئەو گەشکردنە بەرچاوە،بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە کە داهاتی وڵاتەکانی زیادکردووە. پێشبینیش دەکات، نێوەنجی نرخی بەرمیلێک نەوت لەمساڵدا 98 دۆلار دەبێت و لە 2023 بۆ 85.5 دۆلار دادەبەزێت.

لەو بارەیەوە محەمەد جەدعان وەزیری دارایی سعوودیە پێی وایە، لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبووەتەوە بەڵام ئەو گەشەکردنە بۆ ئەو چاکسازییانە دەگەڕێتەوە کە گرتوویانەتە بەر، بە تایبەت لە ژێرخانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کاری نوێ.

لەسەر ئاستی وڵاتانی هاریکاری کەنداو، سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی پێی وایە، عێراق گەورەترین گەشە تۆماردەکات و رێژەی سەدا 9.3 دەبێت، ئەوەش نیو خاڵی سەدی زیاترە بەراورد بەو پێشبینییانەی لە مانگی نیسان بڵاویکردبووەوە.