پارێزگاری سلێمانی رەتیدەکاتەوە شارەکە مەترسی بۆردوومانکردنی لەسەربێت

K24 – هەولێر

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەنگۆی بۆردوومانکردنی شارەکە، هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە  و  دەڵێت، سلێمانی ئارامە و بەئارامیش دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (12-10-2022) پارێزگاری سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: ماوەیەکە چەند سایتێک نابەرپرسیارانە لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەدان بۆ ترساندنی هاووڵاتیانی سلێمانی و دانیشتووانی بەڕێزی گەڕەکەکانی سلێمانی، گوایە دەکەونە بەر هێرشی بۆردوومانی وڵاتە دراوسێیەکانەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە: " هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست لە ناڕاستیی ئەو هەواڵانە دڵنیا دەکەینەوە و داوایان لێدەکەین نەکەونە ژێر فشاری دەروونیی چەواشەکارانەوە".

پارێزگاری سلێمانی جەختیشکردووەتەوە: " سلێمانی ئارامە و بەئارامیش دەمێنێتەوە، هەمیشە هاوکار و پشتیوانی هەر کوردێک بووە و دەبێت، لە هەر شوێنێک بووبێت، ئەرکی هەموو کوردێکیشە لە هەر شوێنێک بێت، ئارامیی و سەقامگیریی و ئاسایش و ئابووریی و ژیانی سلێمانی بپارێزێت".