ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ (چوارشەممە 12ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2022)، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ و راگۆڕینەوە خرایەڕوو .

سەرەتا هەردوو بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، گرنگیی و بایەخیی هەبوونی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی کانزایی دووپاتکردەوە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری هەرێم و رێکخستنەوەی بواری وەبەرهێنان لە سامانی کانزاکانی هەرێم بە دید و ستراتیژێکی نوێ، کە باشترین ئەزموون و پێوەر و رێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆبگرێت، چونکە تا ئێستا یاسایەکی کۆنی عێراقی بەرکارە کە هی ساڵی 1988ە و بەربەست و ئاستەنگی زۆری تێدایە و ناگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستا.

وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژە یاسا نوێیە، ببێتە هۆی مسۆگەرکردن و هاندانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانییان لەم بوارە لە هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجوومەنی وەزیران لە روانگەی بایەخی ئەم یاسایە بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێم و هەمەجۆرکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانی ( سامانە سروشتییەکان ، پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی) و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی رەشنووسی پڕۆژە یاساکە خرانەڕوو بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە و ئامادەکردنەوەی رەشنووسی پرۆژە یاساکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتیبوو لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت خرایەڕوو.

تێیدا ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە سەر داوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی داوە لە سەر ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەک قۆناغی یەکەم، ئاماژەشی بەوە دا کە وەزارەت ئامادەکاریی پێویستی کردووە لە 20ـی ئەم مانگەوە، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی هەرێم بە سەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.

بڕگەی سێیەم، خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان سەبارەت بە لێخۆشبوون لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانە ( منحە ) ی وەریانگرتووە لە دوای بەرکاربوونی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە لە لایەن عەبدوڵڵا مەحموود محەمەد وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە ئەرکی حکومەت کردەوە لە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان وبەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی، کە شایستەی خزمەتکردنن و گرنگیی رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتییان، بە کۆی دەنگ پێشنیازەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوانی پەسەندکرد و وەزارەتی دارایی وئابووری راسپارد بەجێبەجێکردنی پێشنیارەکە و بەدەرکردنییان لە رێنمایی دارایی لەمبارەیەوە.

98
987
6767
765