مەشعان جبووری: بنەماڵەی تاڵەبانی حەز بە هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح ناکەن

مەشعان جبووری

K24 – هەولێر

مەشعان جبووری، سەرۆکی حزبی نیشتمانی عێراقی پێیوایە لەتیف رەشید چانسێکی زۆری بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار هەیە و دەڵێ، بە پێی زانیارییەکانی، بنەماڵەی تاڵەبانی حەز بە هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح ناکەن.

مەشعان جبووری، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان24، رایگەیاند کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە پێناو کۆتاییهاتن بە بنبەستی سیاسی و سەرەڕای مافی دەستووری و یاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، کاندیدی خۆی بۆ ئەم پۆستە کشاندەوە، بە مەرجێک کە هەموو لایەنەکان دەنگ بە لەتیف رەشید بدەن.

کوردستان24: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت یان نا؟

مەشعان جبووری: هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دایە و ئەگەر هیچ پێشهاتێک رووی نەدا، کۆبوونەوەکە بە پێی بەرنامەی خۆی دەچێتە پێش.

کوردستان24:کەواتە چاوەڕێی گۆڕانکارین؟

بەدڵنیاییەەو، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بارەی چارەسەرییەکی مامناوند گفتوگۆیان کردووە. سەرەڕای ئەوەی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە مافی بوون بە سەرۆک کۆماری هەبوو، بەڵام سەرۆک بارزانی لە پێناو کۆتاییهاتن بە بنبەستی سیاسی، ئامادەبوو کاندیدی خۆیان بکشێننەوە. سەرۆک بارزانی بەو مەرجە کاندیدی خۆی کشاندووەتەوە کە هەموو لایانەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، دەنگ بە لەتیف رەشید بدەن.

کوردستان24: بەڵام یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردووەتەوە کە بەرهەم ساڵح کاندیدی ئەوانە.

مەشعان جبووری: دەزانین کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی سەرکردایەتیدا رووبەڕووی کێشە بووەتەوە، دەزانین کێشە لە نێوان خێزانی لەتیف رەشید و منداڵەکانی مام جەلالدا کێشە هەیە، ئەگەر یەکێتی لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح سووریش بێت، بەڵام چانسی سەرکەوتنی لەتیف رەشید زۆر زیاترە، چونکە ئەوە زۆر روونە پارتی، سیادە، دەوڵەتی یاسا و بەشێک لە فەتح دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن. هەڵبەت لە لایەن ئێرانەوە فشارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدرێت.

کوردستان24: ئەمە راستە کە یەکێتی بە هۆی کێشەی ناوخۆییانەوە سوورن لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح؟

مەشعان جبووری: بەڵێ، ئەمە شتێکی نوێ نییە، بەڵام رێککەوتنێک هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە پارتی رەزامەندی داوە و دەبێ ئەوان بەرهەم ساڵح بکشێننەوە و یەکێتیش دەنگ بە لەتیف رەشید بدات. لەسەر ئەو بنەمایە پارتی رازی بووە کاندیدی خۆی بکشێنێتەوە. پێشتر لەسەر ئەو بابەتە قسە لەگەڵ یەکێتی کراوە و دەبوایە دوای پشتگیرییەکەی پارتی، یەکێتی بە خێرایی بەرەوەپیلی پشتگیرییەکە چووبان، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە کێشە تاکەکەسییەکانی ناو یەکێتییەوە هەیە.

کوردستان24: ئەگەر بەرهەم ساڵح کاندیدی ئەوان بێت، ئەدی چۆن ئەوانیش دەنگ بە کاندیدی هاوبەش دەدن؟

مەشعان جبووری: من دڵنیام لەوەی کە بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن. لەتیف رەشید کەسێکی ناودار و پێشمەرگەیەکی کۆنی ناو یەکێتییە، رەنگە کێشەی لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانیدا هەبێت، بەڵام کاریگەری لەسەر بەشێک لە کەسانی ناو یەکێتی هەیە.

کوردستان24: ئەوە بۆچوونی خۆتە یان زانیارییە؟

مەشعان جبووری: ئێمە بەشێکین لە پرۆسەی سیاسی و باش ئاگاداری ململانێیەکان و ئاراستە جیاوازەکانی ناو حزبەکانین. بە لای ئێمەوە زۆر روونە کە کێ بڕیار دەدات و پەیوەندی پتەومان لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و کوردستان هەیە. بە پێی زانیەرییەکانی خۆم خەڵکێکی زۆر دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن، هەڵبەت جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ دەنگەکانی بەرهەم ساڵحدا نابێت. هەندێ لایەن پێیانوایە ئەگەر لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار بێت، محەمەد سودانی باشتر کار دەکات، چونکە ئەگەر بەرهەم ساڵح بیباتەوە، ئەو کات پارتی لەگەڵ بارودۆخ و پێکهێنانی حکومەتدا بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسوکەوت دەکات. ئەمەش کێشەیە بۆ سوودانی. لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، ئەگەر پارتی و رەوتی سەدر هەڵوێست بەرامبەر بە حکومەت وەربگرن، ئەوا حکومەت لاواز دەکات و دەرفەتی حکومەتەکە بۆ سەرکەوتنیش زۆر لاواز دەبێت. سودانی ئەمە باش دەزانێت. بۆیە پێموایە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە پاڵپشتی سودانی دەکەن، دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن.

کوردستان24: پێتوایە لەتیف رەشید چەند دەنگ بەدەست دێنێت، ئایا رێژەی یاسایی تەواو دەکرێت؟

مەشعان جبووری: پێموایە ئەگەر پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو نەیەتە پێشەوە و پەرلەمانتاران بگەنە ناو هۆڵی پەرلەمان، کۆبوونەوەکە دەکرێ و دەنگ دەدرێت. رکابەرییەکی گەرم لە نێوان لەتیف رەشید و بەرهەم سالحدا دەبێت و لەتیف رەشید دەرفەتێکی گەورەی لە پێشە بۆ ئەوەی ببێت بە سەۆک کۆمار.

کوردستان24: هیچ ئاماژەیەکی مەترسیدار هەیە بۆ ئەوەی رێگر بێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان؟

مەشعان جبووری: نەخێر، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە کۆبوونەوەکە نەکرێت. بەڵام ئێمە لە ناو وڵاتێکداین کە ناوی عێراقە و دۆخەکە لەناکاو دەگۆڕدرێت.

کوردستان24: بزوتنەوەی ئیمتیداد دانیشتنەکەی پەرلەمانی بایکۆت کردووە، چ لایەنێکی دیکە ئەو هەڵوێستەی هەیە؟

مەشعان جبووری: بەشێک لە تشرینییەکانیش نایەنە ناو پەرلەمان، بەڵام کاریگەری لەسەر رێژەی یاسایی نابێت.

کوردستان24: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کێ دایە؟ پەرلەمانتارانی یەکێتی ئازادن لەوەی دەنگ بە کێ دەدەن؟

مەشعان جبووری: پێموایە باڤڵ تاڵەبانی لە پشتگیریی بەرهەم ساڵح بەردەوام دەبێت، بەڵام پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەکات لەوەی دەنگ بە چ کاندیدێک بدەن. سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکی پتەویش لە نێوان بەرهەم ساڵح و کوڕەکانی مام جەلالدا هەیە، بەڵام پێموانییە بنەماڵەی تاڵەبانی خۆشحاڵ بن بەوی جارێکی دیکە بەرهەم ساڵح ببێەوە سەرۆک کۆماری عێراق.

کوردستان24: کەواتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کێشەکانی عێراق کۆتاییان نایەت.

مەشعان جبووری: پێموانییە کەس لە توانایدابێت کێشەکانی عێراق کۆتایی پێبێنێت. بەداخەوە ئێستا عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ململانێی ئابووریی وڵاتانی عەرەبی، بۆیە عێراقێکی سەقامگیر و بوونی حکومەت، لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە. ئەوان نایانەوێت کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی عێراق ببووژێتەوە. ئەوان پێیانوایە بەرژەوندییەکانیان، پەیوەندیدارە بە بەردەوامیی ناسەقامگیری لە عێراقدا.

کوردستان24: ئەگەر پرسی سەرۆک کۆمار یەکلا نەبێتەوە، دۆخەکە بە کوێ دەگات؟

مەشعان جبووری: سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کێ دەیباتەوە. ئەگەر بەرهەم ساڵح هەڵبژێردرێت، دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و بەربەست لە بەردەم پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتدا دروست دەبێت.