چەکدارانی تەحریر شام چوونە ناو شارۆچکەی عەفرین

K24 – هەولێر

چەکدارانی تەحریری شام (نوسرەی پێشتر) و گرووپی (سلیمان شا)، چوونە ناو شارۆچکەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان.

روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، بڵاوی کردەوە "دوای ئەوەی گرووپی بەرەی شام، شارۆچکەی عەفرینیان چۆل کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی دووەم، چەکدارانی تەحریری شام و گرووپی سلێمان شا، چوونە ناو عەفرین و دوای شەڕ و پێکدادان، گەڕەکی مەحمودیەیان کۆنترۆڵ کرد."

بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری، رەنگە هەموو گرووپەکانی دیکە لە شارۆچکەی عەفرین بکشێنەوە و رادەستی تەحریری شامی بکەن.

سەرچاوەیەک لە ناو شارۆچکەی عەفرین، بە کوردستان24ـی راگەیاند، چەکدارانی ئەو گرووپە بەبێ شەڕ و پێکدادان هاتوونەتە ناو شار و لە گەڕەکەکاندا داوایان لە خەڵک کردووە لە ماڵەکانی خۆیان دەرنەکەون.

سەرچاوەکە، دەڵێ: خەڵکی شارۆچکەکە بە تەواوی ترساون و کەس لە ماڵی خۆی نایەتەدەر.

هەر شەوی رابردوو چەکدارانی سەر بە تەحریری شام، چوونە ناو شارۆچکەکانی مابەتا و جندرێس.

لە کاتی داگیرکردنی شارۆچکەی عەفرین لە لایەن سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو سوپایەوە لە ئاداری ساڵی ٢٠١٨، ئەوە یەکەم جارە عەفرین لەلایەن چەکدارانی تەحریری شامەوە کۆنترۆڵ بکرێت.