پاریس نرخی فرۆشتنی مباپێی دیاری كرد

له‌ فه‌ره‌نسا هیچ مه‌رجێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانان داناندرێت
كه‌ریم بێنزێما و كلیان مباپێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا
كه‌ریم بێنزێما و كلیان مباپێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا

بەهۆی ئەوەی لە فەرەنسا هیچ مەرجێک بۆ هەڵوەشاندەنەوەی گرێبەستی یاریزانان داناندرێت و قەدەخەیە، کارگێری یانەی پاریس سانجێرمان بڕیاریداوە به‌ کەمتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کلیان مباپێ هێرشبەری یانەکەی نەبێت، هەرچەندە دەنگۆیەکیش هەیە کە ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە ناکاتەوە.

کلیان مباپێ جارێکی دیکە بووەتە سەردێری رۆژنامەکانی جیهان و ئەورووپا و بەهۆی ئەوەی کە یانەکەی بەشێک لە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، ئەو یاریزانە بڕیاریداوە سەرەتای ساڵی داهاتوو، واتە لە بازاری گواستنەوەی زستانە ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.

هاوینی رابردوو بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی یاریزانە فەرەنسیەکە بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا شکستیان هێنا و ئەو یاریزانە بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ بکاتەوە و شاهانەکانی رەتکردەوە.

هەر ئەوکاتە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریال مەدرید هەرچەندە زۆر لە بڕیارەکەی مباپێ تورە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا گوتیشی هەموو کاتێک دەرگاکان بەسەر ئەو یاریزانە کراوەن و هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت پەیوەندی بە یانەکەمانەوە بکات.

لەم چەندە رۆژە سەرچاوە نزیکەکان لە ریال مەدرید بەردەوام باس لەوە دەکەن، زۆرینەی کارگێری ئەو یانەیە لەگەڵ ئەوە نین مباپێ بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، هەروەها بەشێک لە یاریزانەکانی پێشووی ئەو یانەیە هەمان بوچونیان ئەوەی بەهۆی ئەوەی پێشتر گۆڵکارە لاوەکە بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر، ئێستاش پێویست ناکات بیگوازنەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەوەی کە لە فەرەنسا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانان نیە و قەدەخەیە، کارگێری شازادەکان بڕیاریانداوە تاوەکو ئەو یاریزانە کە گرێبەستی لەگەڵیان هەیە، بە کەمتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نەبن.

كلیان مباپێ له‌ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی مۆناكۆ ده‌ركه‌وت، دواتر له‌ هاوینی 2017 به‌شێوه‌ی خواستن په‌یوه‌ندی به‌ پاریس سانجێرمان كرد، دوای یه‌ك وه‌رز كارگێری پاریس ئه‌و یاریزانه‌ی به‌ 120 ملیۆن یۆرۆ كڕییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ یانه‌ پاریسییه‌كه‌ له‌ كۆی 230 یاری، 183 گۆڵ و 88 ئاسیستی كردووه‌.