رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی: لایه‌نگرانی سه‌در له داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت دوورده‌خرێنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
کاردانەوەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی بەردەوامن، تا ئێستا موقتەدا سەدر و رەوتەكه‌ی هیچ هەڵوێستێکییان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی سوودانی نەبووە.
له‌مباره‌یه‌وه حەمدی مالیك، پسپۆڕی كاروباری میلیشیا شیعەكانی عێراق لە په‌یمانگای واشنتن، بۆ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ئاشكرایكردووه، گروپەكانی سەر بە ئێران كۆنتڕۆڵی ته‌واوی كاره‌كانی پەرلەمان و حكومه‌تییان کردووە و په‌یتا په‌یتا سوود له‌م دۆخه وه‌رده‌گرن و لایه‌نگرانی سه‌در بە تەواوی له داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت دوورده‌خه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌كه ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، کە محه‌ممه‌د شیاع سوودانی کەسی نزیکی مالیکی و دوژمنی سه‌رسه‌ختی سه‌درییه‌كانه.
بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە تاقیكردنه‌وه راسته‌قینه‌كه له هه‌نگاوه‌كانی دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر لایەنەکاندا ده‌ستپێده‌كات و شیعەکانی نزیک لە ئێران کۆنتڕۆڵی پەرلەمانییان کردووە و دەیانەوێت رەوتی سەدر لە تەواوی دام و دەزگاکانی حکومەتیش دووربخەنەوە.
دوای ساڵێک لە چه‌قبه‌ستوویی سیاسی و ناكۆكی و ململانێ سیاسییه‌كان، دواجار لەتیف رەشید بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا و محەممەد شیاع سوودانیش بۆ پێكهێنانی كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی راسپێردرا.
سوودانی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، ئاژانسی فرانسیش پرێس له راپۆرتێكدا روونیکردووەتەوە کە، تاقیكردنه‌وه راسته‌قینه‌كه له هه‌نگاوه‌كانی دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر لایەنەکان ده‌ستپێده‌كات.
ئێستا چاوەکان لەسەر موقتەدا سەدرن، کە پێشتر به كشانه‌وه‌ی 73 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی خۆی له پرۆسه‌ی سیاسی بێبه‌ریكرد.
ئاڵۆزیی یاخوود ئارامبوونه‌وه‌ی دۆخی عێراق، ئەمە بووەتە مانشێتی بەشێک لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان، دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێستا چاوەکان لەسەر كاردانه‌وه‌كانی ره‌وتی سەدرن.