سعوودیە بڕی 400 ملیۆن دۆلار وەك هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات

ئاڵای ئۆکرانیا و سعوودیە
ئاڵای ئۆکرانیا و سعوودیە

K24 - هەولێر:

بەپێی راپۆرتەکان، شازادەی جێنشینی سعوودیە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ئەم بڕە هاوکارییەی رایگەیاندووە.

موحەممەد بن سەلمان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوندگیرکردن و پشتگیرکردن لە هەر هەنگاوێك لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەربڕیووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا لەسەر پرسی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئۆپێک، سعوودیەی بە نزیکبوونەوە لە رووسیا تۆمەتبارکردووە و رایگەیاندووە، پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ریاز دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمەریکا بڕی 725 ملیۆن دۆلاری دیکەی وەك هاوکاریی سەربازی دەدات بە ئۆکرانیا.

لە تویتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم پاکێجە نوێیەی هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا دوای هێرشە موشەکییەکانی رووسیا بۆسەر هاووڵاتیان لە کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا بڕیاری لەسەر دراوە.

لە گەڵ ئەم پەکێجە تا ئێستا ئەمریکا بە بڕی زیاتر لە 18 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە.