بەشێک لە پڕۆژەکانی سلێمانی رادەگیرێن

.
.

K24 - سلێمانی

بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینەیی لە بانكەكانی سلێمانی و پێنەدانی پێشینەی بەڵێندەران، بەشێكی زۆری پڕۆژە ستراتیژییەكان كارەكانیان راگیراون یان وەك پێویست بەڕێوەناچن.

 دابیننەكردنی پارەی نەختینەیی لە لایەن بانكەكان لە سلێمانی، وایكردووە دەیان پڕۆژەی ستراتیژی لە سنوورەكە كارەكانیان رابگیرێت یان بە سستی بەڕێوەبچێت، یەكێك لەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2020 بەردەی بناغەی داندرا، شەقامی 100 مەتری سلێمانییە، كە بڕیاربوو لە مانگی تەمموزی ساڵی داھاتوو قۆناغی یەكەمی تەواوبكرێت، بەڵام كاركردن لە پڕۆژەكە وەك پێویست نییە و ھۆكارەكەشی بۆ نەبوونی پارەی نەختینەی لە بانكەكان دەگەڕێتەوە.

بەكر تەیب بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: " پڕۆژەكە كارەكانی بەردەوامە، لە زۆربەی بڕگەكان ئێستا دەتوانرێت كاری تێدا بكرێت، بەڵام بەرنامەكەمان تێكچووە بەهۆی دابین نەكردنی نەختینە لە لایەن بانكەكانی هەرێم لە سلێمانی، بەپێی یاسا و رێنماییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هەموو تەرخانكردنێكی بۆ كراوە، ئێمەش بەپێی یاسا سلفەكانمان بۆ تەمشیە كردووە، بەڵام نەختینە لە بانكەكان نییە بدرێت بە كۆمپانیا، بۆیە وایكردووە بەرنامەكە تێكبچێت".

 گرفتێكی دیكەی بەردەم پڕۆژەكە بوونی زیادەرۆییە لە چەندین شوێنی جیاواز، ئێستا بەشێكیان چارەسەركراون و بەشێكی دیكەیان ماون، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوونی زێدەڕۆیی لەبەردەم پڕۆژەكە بە گرفت دەزانێت و بە گرنگی دەزانێت سەرەتا ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت.

بارزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: " خاڵێكی دیکەی بوونی زێدەڕۆیی لەبەردەم پڕۆژەكەدا لە دەوروبەری ناوچەی دەمركان ئەو ناوە كۆمەڵێك پڕۆژە و كارگەی غاز و بەنزینخانەی لێە، بەڕاستی ئەمانە رێگرن، لە راستیدا گلەیەكە لە بنەمادا ئەوەیە لە ماوەی چەند ساڵەی بەردی بناغەی دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە دانراوە، پێویست بوو دامودەزگا پەیوەندیدارەكان روپێوی تەواوی ناوجەکەیان بكردایە".

پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان درێژەیەكەی 145 كیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەم درێژیەكەی 34 كیلۆمەترە و خاڵی دەست پێكردنی لە تاسلوجەوە دەبێت تا ناوچەی دەمركان.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی كە ناسراوە بە ئۆتۆبانی بابان، دەمێكە شۆفێران چاوەرێ دەكەن بەم شەقامەدا هاتووچۆ بكەن بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لە سەنتەری شاری سلێمانی كەمبكاتەوە، كەچی بەهۆی تەرخان نەكردنی پارە لە لایەن لقی سلێمانی بانكی ناوەندییەوە تەنها لە سەدا 45 كارەكانی تەواو بووە".