چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەپێکهێنانی حکومەتی بەهێز دەکاتەوە

کاتی راسپاردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەلایەن عەبدولـلەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق
کاتی راسپاردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەلایەن عەبدولـلەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق

K24 - بەغدا

پاش ئەوەی لەتیف رەشید، سەرۆکكۆماری نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، بۆ پێكھينانی كابینەی نوێ راسپارد، ناوەندە جیاجیاكانی عێراق، لەوبارەیەوە بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، بۆچوونێك پێیوایە كە ئەگەر ئەو حکومەتە توانی لە دابەشکردنی وەزارەتەکاندا، لەگەڵ رەوتی سەدر ناكۆك نەبێت، ئەوا عێراق لە مەترسییەكی گەورە دوردەخاتەوە، بەلای لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگییشەوە داهاتووی ئەم حکومەتە رۆشنە و سوودانی، دەتوانێت داخوازییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات.

 ئەنوار موسەوی، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، پلاسخارت راپۆرتێکی پڕ مەترسی خستووەتەروو، ئاماژەی بەوەکردووە دوورنییە عێراق ببێتە گۆمی خوێن، ئەگەر ئەم حکومەتە بەبێ ناکۆکی لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان پێکبهێنرێت، ئەوا شتێکی باش دەبێت".

لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایەکی پێچەوانەیان هەیە، داهاتووی ئەم حکومەتە بەلای ئەوانەوە رۆشنە، بۆچوونیان وایە کە محەمەد شیاع سودانی دەتوانێت داخوازییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات.

جیهاد روبەیعی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە و لایەنگری چوارچێوەی هەماهەنگییە ئەو دەڵێت: "من پێموایە ئەم حکومەتە چالاک و بەهێز و سەرکەوتوو دەبێت، چونکە لە هەناوی گەلەوە لەدایکبووە، و کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، بەتایبەت کە حکومەتی پێشوو، حکومەتێکی ناڕێک و پڕ هەڵە و بڕیاری ناهاوسەنگ بوو".

رۆژی پێنجشەممە 13/10/2022، دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی  عێراقدا، یەکەم دەرگای پێکهێنانی حکومەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کرایەوە، و لەتیف رەشید سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد.