بەشێک لە چەکە پێشکەوتووەکانی رووسیا روو لە تەواوبوونە

شوێنەواری هێرشێکی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری کیێڤ
شوێنەواری هێرشێکی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری کیێڤ

K24 - هەولێر

سوپای رووسیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین جار هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی بواری سەربازی، پێیانوایە جبەخانەی مووشەکیی پێشکەوتووی سوپای ئەو وڵاتە روو لە کەمبوونەوەیە.

بە هۆی ئەوەی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا لە هەفتەی رابردوودا زیاتربووە، چەند پرسیارێک لە بارەی جۆری ئەو چەکانەی لە شەڕدا بەکارهاتوون، هاتووەتە بەرباس.

سوپای رووسیا لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا و بۆ پێکانی ئامانجەکانی لەسەر زەوی، مووشەکی زەوی بۆ ئاسمانی بەکارهیناوە و هەر بۆیە شارەزایانی بواری سەربازی ئەمە بە نیشانەی کەمبوونەوەی چەکی لەبارتر دەزانن.

داگلاس بێری، ئەندامی کارای بەشی ئاسمانیی ناوەندی نێودەوڵەتی لیکۆڵینە و ستراتیژییەکان، دەڵێ: بەکارهێنانی هەموو جۆرە مووشەکێک بۆ پێکانی ئامانجەکانی سەر زەوی، سەرنجراکێشترین بابەتی هێرشەکانی ئەمدواییە بووە.

ئەو پێیوایە، "لە هێرشەکاندا و بۆ پیکانی ئامانجەکانی سەر زەوی، مووشەکی کروز بەکارهاتووە و ئەمەش نیشانەی بوونی گرفتێکە. رەنگە ژمارەی چەکە لەبارەکان بۆ پێکانی ئەو ئامانجانە، کەم بووبێتەوە".

سوپای رووسیا لە سەرەتای شەڕەکەدا، مووشەکی پێشکەوتووی بۆ پێکانی ئامانجەکانی لەسەر خاکی ئۆکرانیا بەکار دەهێنا، بەڵام ئەو جۆرە هێرشانە لە وەرزی هاویندا تەواوبوون و هەر بۆیە بەشێک لە بەرپرسانی بەرگریی وڵاتانی رۆژئاوا، گەیشتنە ئەو باوەڕە کە جبەخانەی چەکی سوپای رووسیا بە رێژەیەکی زۆر، کەمبووەتەوە.

جێرمی فلێمنینگ، بەرپرسی دەزگای زانیاریی ناوەندی گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی بەریتانیا، گوتی: ئێمە و فەرماندەکانی سوپای رووسیاش کە لە گۆڕەپانی شەڕدان، دەزانین کە چەکەکانیان بەرەو تەواوبوونە.

پاشماوەی هێرشی سوپای رووسیا کە شارەزایان پێیانوایە مووشەکی جۆری ئێس-300 بەکارهاتووە
پاشماوەی هێرشی سوپای رووسیا کە شارەزایان پێیانوایە مووشەکی جۆری ئێس-300 بەکارهاتووە

چ بەڵگەیەک هەیە؟

بابەتی چەک و جبەخانەی رووسیا، پرسێکی زۆر نهێنییە و نازانین دەزگا سیخوڕی و زانیارییەکانی رۆژئاوا لەسەر چ بنەمایەک ئەو قسەیە دەکەن، بەڵام چەند سەرەداوێک لە وێنەی دوایین هێرشەکاندان کە بڵاوبوونەتەوە.

یەک لەو وێنانە، پاشماوەی مووشەکێکی ئێس – 300 نیشان دەدات کە لەسەر خاکی ئۆکرانیا کەوتووە. لە راستیدا ئەو چەکانە بۆ پێکانی ئامانجەکان لە ئاسمان بەکار دێن نەک بۆ ئامانجی سەر زەوی.

هەندێ کەسیش پێیوایە سوپای رووسیا ئەو چەکانەی بە مەبەستی پێکانی ئامانجەکان لەسەر زەوی، دەستکاری کردووە.

لە پاشماوەی سێ مووشەک لەسەر خاکی ئۆکرانیا، بە روونی دیارە کە ئەوانە مووشەکی ئیس – 300 و زەوی بۆ ئاسمانن. رووسیا و ئۆکرانیا کێشەیان لەسەر ئەو بابەتەش هەیە و هەر کامەیان ئەوەی دیکە بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە مووشەکانە تۆمەتبار دەکات.

بەشیک لە شارەزایانی بواری سەربازی، پێیانوایە بەو هۆیەی سوپای رووسیا چەکی دیکەی لەبەردەستدا نەماوە، ئەو چەکانەی بۆ پێکانی ئامانجەکانی سەر زەوی دەستکاری کردووە.

لوئیز جۆنز، سەرۆکی یەکەی زانیاریی کۆمپانیای مەککێنزی دەڵێ: سوپای رووسیا بۆ هێرشەکردنە سەر ئامانجەکانیان لە کیێڤ، لۆیو و شوێنەکانی دیکە، چەکی دوورهاوێژیان بەکارهێناوە. دڵنیام لەوەی چەکەکانیان بەرەو تەواوبوونە. تواناییەکانی خۆیانیان بۆ دروستکردنی چەک هەڵسەنگاندووە و بەو ئاکامە گەیشتوون کە باشترین رێگە، دەستکاریکردنی هەندێ چەکە، وەک مووشەکی ئێس–300.

بەکارهێنانی چەکی زەوەی بۆ ئاسمان بۆ پێکانی ئامانجەکان لەسەر زەوی، رەنگە پەیوەندی بە سنوورداربوونی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیی رووسیا لەسەر ئاسمانی ئۆکرانیاشەوە هەبێت. هێزی ئاسمانیی رووسیا لە سەرەتای شەڕەوە نەیتوانیوە باڵادەستی خۆی بەسەر هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیادا بسەپێنێت.

سیستەمی بەرگریی ئێس-300
سیستەمی بەرگریی ئێس-300

ئەوانە مووشەکی ئۆکرانیان؟

سوپای ئۆکرانیاش بۆ بەرگری ئاسمانی و خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی رووسیا، چەکی ئێس – 300ـی بەکارهێناوە و هەر بۆیە رووسەکان دەڵێن، ئەو مووشەکانە دەکەونە خوارەوە و زیانی ماددی و گیانی لێدەکەوێتەوە.

یوگنی پوپۆف، یەک لە بەرپرسانی پەرلەمانی رووسیا بە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) گوتووە، بە هۆی سیستەمی بەرگری ئۆکرانیاوە، زیان بەر گۆڕەپانی یاریی منداڵان کەوتووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە شارەزایانی بواری چەک، پێیانوایە دیاریکردنی شوێنی هاویشتنی مووشەک لە رێگەی پاشماوەی مووشەکەکەوە، کارێکی "زۆر ئەستەمە".

سیدارت کوشال، لێکۆلەر لە ناوەندی بەرگری و ئاسایشی بەریتانیا دەڵێ: رەنگە پاشماوەی کڵاوەیەکی تەقینەوە لەگەڵ پاشماوەی مووشەکی ئێس – 300 بە تەواوی وەک یەک بن، بۆیە پێموایە وەڵامەکەی بە تەواوی ناڕوونە.

ئایان ڤیلیامز، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، رایگەیاند "هیچ بەڵگەیەکم لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ لە ماوەی هێرشەکانی ئەمدواییەدا، سیستەمی مووشەکی ئۆکرانیا بە هەڵە تەقەی کردبێت."

بە پێی قسەکانی ڤیلیامز، پێوانەی زۆر بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هاویشتنی مووشەک هەیە، هەر بۆیە ئەستەمە لە رێگەی وێنەوە بتوانن ئەو سەرچاوەیە دیاری بکرێت. ئەو دەڵێ: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە ناو شارەکاندا نین، زیاتر لەو شوێنانەن کە دەیانەوێ بەرگری لێبکەن، بۆیە ئەستەمە مووشەکەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەیەکی نیشتەجێبووندا بکەوێت.

سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

رووسیا چەکی دیکەی بەکارهێناوە؟

رووسیا، شەڕەکەی بە هێرشی مووشەکی دەستپێکرد. بە پێی بەراوردی پێنتاگۆن، رووسەکان لە 11 رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا 600 مووشەکیان بەکار هێناوە.

هێرشەکان لە زەوی، دەریا و ئاسمانەوە درێژەی کێشا، هەڵبەت زۆربەی هێرشەکانی ئەمدواییە لە ناو سنووری پارێزراوی رووسیاوە بووە.

مووشەکەکان لە جۆرە بالستی و کروز بوونە و لەسەر زەوی، ژێر دەریا و سەر کەشتییە جەنگییەکانەوە هاویشتراون.

سوپای رووسیا لە مانگی نیسانی رابردوودا هێرشی کردە سەر وێستگەی شەمەندەفەری کراماتۆرسک و بە هۆیەوە 50 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا. رووسیا لەو هێرشەدا مووشەکانی جۆری کروز (خا-101 و خا-555) و توچکا-یووی بەکارهێنا.

بی بی سی، پێیوایە سوپای رووسیا لە هێرشی بۆ سەر بازاڕی کریمچۆکدا، مووشەکەکانی جۆری خا-22 و خا-32 بەکارهێناوە. لەو هێرشەدا کە کۆتایی مانگی حوزەیران کرا، 20 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.

ئەوانە مووشەکی مۆدێل کۆنن و لە راستیدا بۆ پێکانی کەشتی دروستکراون نەک ئامانجی سەر زەوی. ئەمەش ئەو بۆچوونە بەهێز دەکات کە پاشەکەوتی هەندێ چەکی پێشکەوتووی رووسیا رەنگە بەرەو تەواوبوون بێت.