ئەنەکەسە داوایەک ئاراستەی تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

K24- هەولێر

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، داوای لە تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی کرد، بەرپرسیارێتی دەرکردنی چەکدارانی تەحریری شام (بەرەی نووسرەی پێشوو) لە تەواوی ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، بگرنە ئەستۆ.

لە بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا سەبارەت بە رووداوەکانی ئەمدواییەی عەفرین، هاتووە، "چەند رۆژێکە چەکدارەکان، عەفرین و شارۆچکەکانی دەوروربەریان لەپێناو نفوز و دەسەڵاتی زیاتر، کردووەتە گۆڕەپانی شەڕ".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا دووپاتکراوەتەوە، "ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، سەرکۆنەی ئەم شەڕە دەکات کە رێگەی بە بەرەی نووسرەی تیرۆریست داوە بچێتە ئەو ناوچانە، ئەمەش دووپاتکردنەوەیە لەوەی ئەو چەکدارانە جارێکی دیکە بێڕێزی بە ژیانی خەڵکییەوە دەکەن و مافەکانیان پێشێل دەکەن".

ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەکەدا "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی پەیوەندیدار بەتایبەت تورکیا دەکات، بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان لەئەستۆ بگرن و بەرەی نووسرە لە تەواوی ناوچەکە دەربکەن".

هەروەها دووپات لە "پێویستیی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و رادەستکردنی ئیدارەی ناوچەکە بە دانیشتووانی رەسەنی" کراوەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2022، چەکدارانی تەحریر شام (بەرەی نووسرەی پێشوو) کە هاوپەیمانی گرووپەکانی  (ئەلحەمزەت) و (سوڵتان سلێمان پاشا)ـی سەر بە سوپای نیشتمانین، هێرشی کردە سەر شاری عەفرین کۆنترۆڵیان کرد.