پارتی کۆمۆنیستی چین: مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ هێرش بكه‌ینه‌ سه‌ر تایوان

سوپای چین
سوپای چین

K24 – هه‌وڵێر:

کاربەدەستێکی باڵای چین رایگەیاند، وڵاتەکەی مافی ئەوەی هەیە هێز لەدژی تایوان بەکاربهێنێت.

گوتەبێژی کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە پەکین رایگەیاند، هەمیشە یەکگرتنەوەی ئاشتیخوازانەی تایوان و چین وەک بژاردەی یەکەم بووە، بەڵام بە رەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستا، چین مافی ئەوەی هەیە بەزەبری هێز کێشەکانی لەگەڵ تایوان چارەسەربکات.

دەسەڵاتدارانی پەکین هەمیشە تایوانیان وەک بەشێکی چین هەژمارکردووە، هەرچەندە ئەم وڵاتە هەوڵدەدات جیهان دان بە سەربەخۆبوونی بنێت.

پرسی هاتووچۆی دیپلۆماتکارانی ئەمه‌ریکی بۆ تایوان، گرژیی زۆری لەنێوان چین و ئەمه‌ریکادا درووستکردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین لە 16 بۆ 22ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و وا چاوەڕواندەکرێت سەرۆکی ئێستای چین، شی جینگ بینگ بۆ جاری سێیەم پۆستی سکرتیری گشتیی پارتەکە و سەرۆکایەتیی وڵات وەربگرێتەوە.